کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی حوسییەکان بۆ سەر دەوڵەتی یاسایی یەمەن، ٣٠ کوژراوی لێ کەوتەوە

14:15 - 16 گەلاوێژ 2726

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٥ی گەلاوێژ، سەرچاوە فەرمییەکانی دەوڵەتی یاسایی یەمەن ڕایانگەیاند کە لە ئەنجامی هێرش بۆ سەر بنکە سەربازییەکان لە پارێزگاکانی "مەئریب" و "حەزرەمەوت"، ٣٠ سەرباز کوژران و ئاماژەیان بەوەش دا کە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاماری قوربانییان لەئارادایە.

گرووپی تێرۆرستیی حوسییەکان دواتر بەرپرسیارێتیی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەیان گرتە ئەستۆ.

حوسییەکان ڕایانگەیاند کە کۆبوونەوەی هێزەکانی سەر بە عەرەبستانیان لە ناوچەکانی ڕۆویک، عەبەر و سەنیە بە مووشکی بالستیک و دڕۆن کردووەتە ئامانج.

شاندی نوێنەرایەتیی ئەمریکا لە یەمەنیش وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی سەربازە کوژراوەکانی مەئریب و حەزرەمەوت، ئەو هێرشانەی بە «نموونەیەکی تر لە تێرۆریزمی حوسییەکان دژی خەڵکی یەمەن» ناو برد.

گرووپی تێرۆرسیتیی حوسییەکانی یەمەن کە سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە و هەموو ڕێنوێنی و پاڵپشتییەکی هەمەلایەنە لە سپای پاسداران و ڕێژیمی ئێران وەردەگرێت، لە مانگی ڕابردووەوە گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر عەرەبستان لە دەریای سوور.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مانگی ڕابردوودا فەرمانی بە حوسییەکان کردووە کە هاوشێوەی گەرووی هۆرمۆز، ڕێگەی ئاویی نێودەوڵەتیی گەرووی بابۆلمەندەب لە دەریای سوور بەسەر عەرەبستاندا ببەستن و لەو ناوچەیەدا خەریکی چەتەیی و باجگرتن بن.