کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە مانگی ژووئیەدا لانیکەم ٧١ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون

14:17 - 16 گەلاوێژ 2726

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئاشکرای کرد کە لە مانگی ژووئیەی ٢٠٢٦دا لانیکەم ٧١ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لەو مانگەدا ٨ کەس بە تۆمەتی ئەمنییەتی لە سێدارە دراون کە ٦ کەسیان لە خۆپیشاندەرانی بەفرانبار بوون و یەک کەسیش لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"

بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا، لەسێدارەدانی ٤٤٤ کەس تۆمار کراوە، کە ١٢ ژن، ١٧ کەسی بیانی و ٨٠ کەس لە پێکهاتە نەتەوەییەکان لەنێویاندا بوون.

هەروەها لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦دا تا کۆتایی مانگی ژووئیە، لانیکەم ٢٨ خۆپیشاندەر، لەوانە ٢٦ کەسی پیوەندیدار بە خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری پار و ٢ کەس لە بزووتنەوەی ژینا، ١٣ زیندانیی سیاسیی سەر بە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیم و ١٢ تۆمەتبار بە سیخوڕی لە سێدارە دراون.

هەروەها ئەو ڕێکخراوەیە هۆشداریی دا کە سەدان خۆپیشاندەری دیکە مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

ئەم ناوەندە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ڕاپۆرتی لەسێدارەدانی زیاتر لە ٤٠٠ کەسی دیکەشی پێگەیشتووە کە هێشتا بۆی پشتڕاست نەکراوەتەوە.

ئێران لە ساڵی ٢٠٢٥دا دوو هەزار و ١٥٩ کەسی لە سێدارە داوە، کە بەراورد بە ساڵی پێشووتر، زیاتر لە دوو بەرانبەر زیادی کردووە.