دونالد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، نابێت کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
ترامپ بە ئاماژەدان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دژی ئێران وتی: "ئەمە هەنگاوێکی گرنگ بوو، چونکە بوونی چەکی ئەتۆمی لە دەستی ئێراندا تەواوی جیهانی تووشی کارەسات دەکرد و ئێمە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نەبوو."
سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند پێیوایە ئەو شەڕە زۆر بە زوویی کۆتایی پێدێت و وتی: "تاران توانای ئەوەی نییە بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەر ئەم ڕەوشە بەردەوام بێت. لەگەڵ کۆتاییهاتنی شەڕەکەشدا، نرخی نەوت و بەنزین دادەبەزێت."
سەبارەت بە کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز، ترامپ ئاماژەی بەوە کرد کە بە هۆی گەمارۆی دەریایی هێزەکانی ئەمریکاوە گەرووەکە تا ڕادەیەک کراوەیە.
ناوبراو زیادی کرد: "بێگومان ئەوان هەمیشە دەتوانن تەقە لە ئامانجێک بکەن یان مینی دەریایی بچێنن. ئەگەر تەنیا یەک مینیش لەوێدا دابنرێت، تەواوی دۆخەکە تێکدەدات؛ چونکە هیچ کەسێک ئامادە نییە کەشتییە میلیارد دۆلارییەکەی بەر مینێک بکەوێت و بتەقێتەوە."
سەرۆککۆماری ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە پرۆسەی گفتوگۆکان بە باشی دەڕۆن و ڕەنگە بەم زووانە بە ئاکام بگەن.
ترامپ لە کۆتاییدا جەختی کردەوە ئەمریکا لە ڕووی کۆگای تەقەمەنییەوە لە دۆخێکی باشدا بەڵام دەبێت بەرهەمهێنان زیاد بکات.