بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە دیاردەی دزینی نان و پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان لە سوپەرمارکێتەکانی ئێران، نیشانەی گەیشتنی قەیرانی ئابووریی ئەو وڵاتەیە بۆ ئاستێکی مەترسیدار.
ڕۆژنامەی "جیهانی سەنعەت" لە لێکۆڵینەوەیەکدا ئاشکرای کردووە کە بەهۆی داڕمانی توانای کڕین و بەرزبوونەوەی بێپێوانەی نرخەکان، بەشێک لە هاووڵاتییان ناچار بوون تەنانەت پەنا بۆ دزینی کاڵا هەرزانەکان ببەن.
میعاد مەلەکی، ئەندامێکی دامەزراوەی بەرگری لە دێموکراسییەکان و بەرپەرسی پێشووی سزاکان لە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ کاناڵی "فاکس نیوز"، ڕایگەیاند کە ئێران لە قەیراندایە، بەڵام پرۆسەی هەرەسهێنان لەپڕ ڕوو نادات بەڵکوو پرۆسەیەکی هێواشە.
بە وتەی ناوبراو، دابەزینی بەهای پارە، هەڵاوسانی خۆراک لە ئاستی شەڕی جیهانیی دووەم و ئێستاش دزی کاڵا بنەڕەتییەکان زیادی کردووە و بەمەش نەک هەر هەژاران، بەڵکوو دابینکردنی بژێویی ڕۆژانە بۆ زۆربەی خەڵک سەخت دەبێت.
بەپێی ئامارەکان، نرخەکانی نان و دانەوێڵە بە ڕێژەی ١٤٠ لەسەد و شیرەمەنییەکان بە ڕێژەی ١١٦.٨ لەسەد زیادیان کردووە، هەروەها بەهای دۆلار لە بازاڕی ئازاددا ١٩٤ هەزار تمەنی تێپەڕاندووە.
ئەم ئامارانە لەکاتێکدان کە مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە وتارێکدا هۆکاری قەیرانەکانی بۆ گوشاری دوژمنان گەڕاندەوە، بەڵام مەلەکی جەختی کردەوە کە مێژووی کۆماری ئیسلامی دەیسەلمێنێت مەترسیدارترین ساتەکانی تەمەنی ئەم ڕێژیمە، قەیرانی ئابووری بوون نه ئیدیۆلۆژی.
مەلەکی هەروەها وتی: هاوکارییە ٧ دۆلارییە مانگانەکە نەبووەتە چارەسەر؛ کاتێک بنەماڵەکان تەنانەت توانای دابینکردنی بژێوی سەرەتاییان نامێنێت، ئەم برسیەتییە دەکرێت بێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان، ئەگەرچی هێزە ئەمنییەتییەکان بەردەوام بە توندی ڕووبەڕووی هەر جۆرە خۆپیشاندانێک بوونەتەوە.