سێنای ئەمریکا بە زۆرینەیەکی دەنگەکان (٨٦ دەنگی ئەرێنی لە بەرانبەر ١١ دەنگی نەرێنی) پڕۆژەیاسایەکی بۆ چڕکردنەوەی سزاکانی سەر ڕووسیە و فراوانکردنی گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران پەسەند کرد و ئاراستەی مەجلیسی نوێنەرانی کرد.
ئەم پڕۆژەیە بە ڕێزلێنان لە هەوڵەکانی داڕێژەرەکەی، ناونراوە "یاسای سزاکانی ڕووسیە و ئێرانی لیندزی او. گراهام ٢٠٢٦".
ئامانجی سەرەکیی یاساکە لە بەشی ڕووسیەدا، بڕینی سەرچاوە داراییەکانی کۆشکی کرێملینە لە ڕێگەی سەپاندنی باجی گومرکی لەسەر هەناردەی نەوت و گاز، هەروەها سزادانی بزوێنەری دارایی، کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ڕووسیە و کەسایەتییە باڵاکانی وەک وێلادێمیر پوتین.
وەک کاردانەوەیەک، وڵادێمیر زێلێنسکی سەرۆککۆماری ئۆکراین لە پەیامێکدا سپاسی سێنای ئەمریکای کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ئەم هەنگاوە گوشارەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ زیاد دەکات.
لە بەشی پەیوەندیدار بە ئێرانیشدا، پڕۆژەیاساکە ڕێگە لە بەسەرچوونی ئەو دەسەڵاتە یاساییانە دەگرێت کە بەرهەمهێنانی وەک کەرتی وزە و چەکوچۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەنە ئامانج، بەمەش دەست کراوەتر دەبێت بۆ بەردەوامیی گوشارە ئابوورییەکان.