کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەککەوتنی هەناردەی نەوتی ئێران بەهۆی گەمارۆی دەریایی ئەمریکاوە

09:35 - 17 گەلاوێژ 2726

ڕۆژنامەی "فاینەنشاڵ تایمز" بڵاوی کردەوە، داتاکانی کەشتیوانی و وێنە ماهوارەییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لانیکەم لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا هیچ نەوتهەڵگرێک لە دوورگەی خارک، سەرەکیترین بەندەری هەناردەکردنی نەوتی ئێران، بارگیری نەکردووە؛ ئەمەش وەک هێمایەک بۆ ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی خاوی ئەو وڵاتە لە پاش دەستپێکردنەوەی گەمارۆی دەریایی لەلایەن ئەمریکاوە سەیر دەکرێت.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، چالاکییەکانی هەناردەکردن لە دوورگەی خارک لە ٩ی گەلاوێژەوە وەستاون و وێنە ماهوارەکانیش چۆڵبوونی هەرسێ لەنگەرگەی دوورگەکەیان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن پشتڕاست کردووەتەوە.

جێی ئاماژەیە، نزیکەی ٩٠ لەسەدی نەوتی هەناردەکراوی ئێران لە ڕێگەی ئەم دوورگەیەوە بار دەکرێت.

هاوکات گرووپی "یەکگرتوویی دژی ئێرانی ئەتۆمی" ڕایگەیاندووە لە ٢١ی پووشپەڕەوە هیچ کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانیان بەدی نەکردووە کە توانیبێتی لە کەنداو بچێتە دەرەوە.

ئەگەرچی ئێران هێشتا لە ڕێگەی ئەو بارە نەوتانەی پێشتر ڕەوانە کراون و دەگەنە کڕیارە ئاسیاییەکان داهات کۆ دەکاتەوە، بەڵام شارەزایان ڕایانگەیاندووە کە ئەوەش لە حەفتەکانی داهاتوودا دەوەستێت.

لەلایەکی ترەوە، ئەم ڕاگیرانە ڕەنگە تاران ناچار بکات ئاستی بەرهەمهێنان کەم بکاتەوە تا ڕێگری لە پڕبوونی کۆگاکانی بکات.