کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کتێبی "ئاشنابوون بە ژێئۆپۆلیتیک" بە زمانی کوردی بڵاو کرایەوە

10:42 - 17 گەلاوێژ 2726


کتێبی "ئاشنابوون بە ژێئۆپۆلیتیک" ، لە نووسینی کۆلین فلینت، لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی و چووە نێو کتێبخانەی کوردییەوە.

کتێبی "ئاشنابوون بە ژێئۆپۆلیتیک" لە نووسینی کۆلین فلینت، مامۆستای زانکۆ لە ئەیالەتی یۆتای ئەمریکایە کە لەلایەن کەریم پەرویزی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی.

پرۆژەی وەرگێڕانی ئەم کتێبە لە ٢٢ی پووشپەڕدا و هاوکات لەگەڵ ٣٧ەمین ساڵی تێرۆری دوکتور قاسملوو بە ئەنجام گەیشتووە.

ئەم کتێبە لە ١٠ بەشی سەرەکی پێکهاتووە و سەرەتایەک بۆ ئاشنابوون بە ژێئۆپۆلیتیکە. ئەم بەرهەمە کە لە دیارترین بەرهەمەکانی نووسەرە، شیکاریی بۆ تێگەیشتن لە چەمکی ژێئۆپۆلیتیکی مۆدێڕن دەکات و هاوکات دەپەرژێتە سەر کۆدە ژێئۆپۆلیتییکان واتە چۆنیەتیی پێناسەکردنی سەرچاوە نەتەوەییەکان و هەڕەشەکان لەلایەن وڵاتانەوە.

ئەم کتێبە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو و گرینگ لە بواری جۆغرافیای سیاسی و پێوەندیی نێودەوڵەتییە.

پەرویزی لە پێشەکیی کتێبەدا، باسی لە هەڵسەنگاندنی قووڵی ژێئۆپۆلیتیک لە قسەکانی دوکتور قاسملوو بۆ جیهان، ناوچە، ئێران و کوردستان کردووە کە چۆن لەو ساختارە فرەییە ژێئۆپۆلیتیکەدا نەتەوەی کورد و حیزبی دێموکرات و تاکی دێموکرات دەبینێتەوە و ڕۆڵیان دیاری دەکات و ڕێگایان نیشان دەدات تاکوو وێناسازییەکی ژێئۆپۆلیتیکی بۆ تاکەکان و ڕێکخراوی حیزب وەک بریکار و نەتەوەی کورد بەگشتی، لە ململانێی ژێئۆپۆلیتیکدا پیادە بکات.

وەرگێڕ سەبارەت بەم بەرهەمە ڕایگەیاندووە: "دەمویست وەک وەفایەک بۆ رێبازی ئەو ڕێبەرە مەزنە، ئەو کتێبە بکەمەوە بە کوردی، ئەو زمانە نەتەوەییەی کە دوکتور قاسملوو لە کۆڕی زانیاریی کوردەوە لە بەغدا هەوڵی پەرەدانی وەکوو کۆڵەکەیەکی ستراتێژیی خەبات دەدا."