شیرکەتی نیشتمانیی نەوتی ئەبووزەبی (ئەدنۆک) ڕایگەیاند لە حەفتەی ڕابردوودا سێ نەوتهەڵگری دیکەی ئەو شیرکەتە لە گەرووی هۆرمۆز کەوتوونەتە بەردەم هێرشی مووشەکی و دڕۆنی.
بەپێی ئامارەکانی شیرکەتی ئەدنۆک، لە دەستپێکی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکاوە، لانیکەم ١٥ کەشتی و نەوتهەڵگری سەر بە ئەبووزەبی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کراونەتە ئامانج.
لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا تا ئێستا لانیکەم کەسێک کوژراوە و ٢٠ی دیکەش بریندار بوون.
ئەدنۆک جەختی کردەوە کە ئەم پەلامارانە کاریگەریی خراپیان لەسەر پڕۆسەی ئابووری دروست کردووە و داوای کرد مافی کەشتیوانیی ئازاد و ئەمنییەتی ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان بپارێزرێت.
لە هەمان کاتدا، شیرکەتی زانیارییەکانی دەریاوانی "مەرین لینک" ڕایگەیاند ئەدنۆک بەم دواییانە ١١ نەوتهەڵگری بە بەهای ١.٣ میلیارد دۆلار کڕیوە تا بیانکاتە جێگرەوەی ئەو نەوتهەڵگرانەی لە ئەنجامی هێرشەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
هەواڵدەریی بلومبێرگ ڕایگەیاند سەرەڕای هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی، ئێمارات بە هەنگاوێکی بوێرانە و بە پشتبەستن بە ناوگانەکەی، گواستنەوەی نەوتی لە گەرووی هۆرمۆزەوە بەردەوام کردووە.
بەپێی ئامارەکانی کێپلێر، ئێمارات لە دوو مانگی ڕابردوودا زیاتر لە هەر وڵاتێکی کەنداو نەوتی هەناردە کردووە و تاوەکوو ئێستاش تاقە وڵاتە کە نەک هەر هەناردەی کەم نەبووەتەوە، بەڵکوو فرۆشتنی نەوتی گەیاندووەتە ئاستێکی بەرزتر لە سەردەمی پێش شەڕ.