کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هێرش بۆ سەر خەڵکی ئاسایی لەلایەن حوسییەکانەوە

11:06 - 17 گەلاوێژ 2726

لە درێژەی شەڕفرۆشی و هێرشە دڕندانەکانی گرووپی چەکداری حوسییەکانەوە لە دژی خەڵکی ئاسایی وڵاتانی ناوچەکە و بەهۆی هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی ئەو گرووپە بۆ سەر کەمپی ئاوارەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی ئاساییی ناوچەی مەئرەبی یەمەن، ٢ کەس کوژران و ۱۴ کەسی تریش بریندار بوون.

دوایبەدوای ئەو هێرشە، ئەرتەشی یەمەن ڕایگەیاند کە لە چەند بەرەیەکەوە، وڵامی هێرشەکانی هێزەکانی حوسییەکانیان داوەتەوە.

لە دوای هێرشی حوسییەکان بۆ سەر خەڵکی ئاسایی، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دا کە مەترسیی گەڕانەوەی یەمەن بۆ ناو شەڕێکی بەرفراوان، لە کاتی ئاگربەستی ساڵی ٢٠٢٢ـەوە تا ئێستا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی.

هەروەها بەهۆی هێرشێکی هاوشێوەی ئەو گرووپە لە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ی گەلاوێژ، بۆ سەر بنکە سەربازییەکان لە پارێزگاکانی "مەئرەب" و "حەزرەمەوت"، ٣٠ سەربازی ئەرتەشی یەمەن کوژران.

ئەم ئاڵوگۆڕەی هێرشانە نیشاندەری پەرەسەندنی بەرچاوی پێکدادانەکانی نێوان حوسییەکان و هێزەکانی حکوومەتی یاسایی یەمەنە کە لە بواری نێودەوڵەتییەوە پشتگیری دەکرێت.

شەڕە فراوانەکانی نێوان هەردوولا لە ساڵانی ڕابردوودا تا ڕادەیەکی زۆر کاڵ بووبوونەوە و پێشهاتە تازەکان نیگەرانییەکانی سەبارەت بە گەڕانەوەی جەنگێکی بەرفراوانتر، زیاد کردووە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و سپا تێرۆریستییەکەی دەستی باڵایان لەو ئاژاوەگێڕی و گرژییانەدا هەیە.