لەکاتێکدا زیاتر لە ٤ هەزار نەخۆشی هیمۆفیلی لە ئێران ماوەی ٨ مانگە لە بێدەرمانیدا دەناڵێنن و منداڵێک لە سیستان و بەلووچستان بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە، ناکارامەیی دامەزراوە تەندروستییەکانی کۆماری ئیسلامی، ژیانی نەخۆشە تایبەتەکانی خستووەتە مەترسییەوە.
بەپێی زانیارییەکانی کانوونی هیمۆفیلیی ئێران، ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئێران لە هەشت مانگی ڕابردوودا تەنانەت یەک دۆلاریشی بۆ دابینکردنی دەرمانی ئەم نەخۆشانە خەرج نەکردووە.
لە بەرانبەردا، ئیدارەی خۆراک و دەرمان هۆکاری ئەم کێشەیەی بۆ گۆڕینی سیستەمی ئەولەوییەتدان بە دەرمانەکان لە کاتی قەیراندا گەڕاندووەتەوە؛ بەپێی ڕاپۆرتەکان دەرمانی نەخۆشییە دەگمەنەکان خراونەتە کۆتایی لیستەکەوە.
ئەو بڕیارە بۆ خستنەدواوەی دەرمانی نەخۆشییە دەگمەنەکان لە لیستی ئەولەوییەتەکان، نیشانەی ڕوونی کەمتەرخەمیی ڕێژیم بەرانبەر ژیانی نەخۆشە تایبەتەکانە.
لە کاتێکدا نیوەی تووشبووانی جیهانیی کەمیی دەرمانی "فاکتۆر ١٣" لە سیستان و بەلووچستان دەژین، کۆگای ستراتێژیی ئەم دەرمانە بە تەواوی سفر بووەتەوە.
کەمیی فاکتۆر ١٣ لە ئێران بەهۆی بەرزبوونی ڕێژەی هاوسەرگیریی خزمایەتییەوە بەرزترین ئاماری تووشبووانی لە جیهاندا هەیە.
ڕەخنەگران جەخت دەکەنەوە کە دروستکردنی ئاستەنگ لە تەرخانکردنی دراو و دابەزینی ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، ژیانی هەزاران نەخۆشی تایبەتی بە سێوەی راستەوخۆ خستووەتە مەترسییەوە.