بەپێی ڕاگەیەندراوی بەرپرسانی ڕیاز و بەغدا و ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان، گرووپە چەکدارەکانی عێراق سەر بە ڕێژیمی ئێران لە هاواهەنگی لەگەڵ حوسییەکانی یەمەن و بە ڕێنمایی سپای تێرۆریستیی پاسداران، پلانیان هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا هێرش بکەنە سەر وڵاتی عەرەبستانی سعوودی.
ڕۆژی هەینی ١٦ی گەلاوێژ، بەرپرسێکی سعوودی لە لێدوانێکدا بۆ سیئێنئێن ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی خۆی بۆ "چەندین هێرشی هاواهەنگکراو" لەلایەن چەکدارانی عێراقییەوە بە هاوکاریی حوسییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئامادە دەکات.
لە هەمان کاتدا، کەناڵی "ئەلعەرەبییە"ش بە پێی زانیاریی سەرچاوە ئەمنییەکانی بەغدا، نووسیویەتی کە "گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە ئاستی کرداریدا، دەستیان بە ئامادەکاریی سەربازی کردووە و دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەش چاودێریی جووڵەی ئەو گرووپانە دەکەن".
سەباح ئەلنەعمان، وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ڕۆژی هەینی ١٦ی گەلاوێژ ڕایگەیاند کە "پلانێکی ئەمنی" بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەگەری هێرش بۆ سەر عەرەبستانی سعوودی لە جێبەجێکردندایە.
هەروەها بەرپرسێکی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند کە حکوومەتی ئەم وڵاتە لە لێواری لێدانی "گورزی کۆتایی" لەو گرووپە چەکدارانەدایە کە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە پشتگیری دەکرێن.
ئەم بەرپرسە سەبارەت بە ئەگەری دەستدرێژیی گرووپە چەکدارەکانی عێراق سەر بە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر عەرەبستانی سعوودی وتی: "زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە هەندێک گرووپ پلانیان هەیە نەک تەنها عەرەبستانی سعوودی، بەڵکوو کوەیت، ئۆردۆن و سووریەش بکەنە ئامانج".