ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند هێزەکانیان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی سەپاندنی گەمارۆ بەسەر بەندەر و ناوچە کەناراوەییەکانی ئێراندا، دەستیان بەسەر چەندین کەشتیی بازرگانیدا گرتووە و ئاراستەی دەیان کەشتیی دیکەیان گۆڕیوە.
بڵاوکراوەکەی سێنتکام لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کردووە کە تاکوو ١٦ی گەڵاوێژ، هێزەکانی ئەمریکا ئاڕاستەی ٥١ کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە، دوو کەشتییان پەکخستووە و دوو کەشتیی دیکەشیان دەسبەسەر کردووە، تاکوو لە جێبەجێکردنی تەواوی ڕێنمایی و گەمارۆکان دڵنیا ببنەوە.
هاوکات سێنتکام وێنەی ناوچەی کارکردنی ناوشکێنی مووشەکهەڵگری "یوو-ئێس-ئێس میسۆن"ی بڵاو کردووەتەوە کە لە ئاوەکانی ناوچەکەدا سەرقاڵی جێبەجێکردن و پشتیوانیکردنی ئەم گەمارۆ دەریاییەیە.
ئەم جووڵە سەربازییانەی ئەمریکا لەکاتێکدا چڕتر دەبنەوە کە واشنگتۆن گوشارە سەربازییەکانی بۆ سەر تاران هێشتووەتەوە و دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکاش ئاشکرای کردووە کە گفتوگۆکان سەبارەت بە ڕێگەپێدانەوە بە هاتووچۆ لە گەرووی هۆرمۆز بەردەوامن.