دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە میانی کۆبوونەوەی کابینەکەی لە کەمپ دەیڤید هۆشداری دا کە ئەمریکاییەکان دەبێت بۆ بەردەوامیی شەڕ لەگەڵ ئێران ئامادە بن و ڕایگەیاند واشنگتۆن هەتا تێکشکاندنی تەواوی تواناکانی تاران بەردەوام دەبێت تا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت.
ترامپ دانی بەوەدا نا کە ڕەنگە ئەم ململانێ پێنج مانگییە درێژە بکێشێت، بەڵام جەختی کردەوە ئێران بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ لاوازتر دەبێت.
سەرۆککۆماری ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا ئێران هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانی و بەرگریی ئاسمانیی نەماوە و تەنیا بەشێکی زۆر کەم لە تواناکانی ماوەتەوە.
ترامپ لە کۆبوونەوەی کابینەکەی لە کەمپ دەیڤد لە مێریلەند وتی: "ئەوان لاوازتر دەبن. ڕەنگە کەمێک بەهێزتر ببنەوە، بەڵام لاواز دەبن و دواتر لەنێو دەچن."
هاوکات لەبارەی بەردەوامیی دیپلۆماسییەوە ئاشکرای کرد کە بەهۆی درۆزنی و زانیاریی هەڵەی تارانەوە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن ڕەشبین بووە.
ئەم هۆشدارییانەی ترامپ لە کاتێکدان کە بەردەوامیی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا و نزیکبوونی هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی ئەمریکا، گوشارە سیاسییەکانی لەسەر کۆشکی سپی زیاتر کردووە.