سەرۆکایەتیی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی فەلەستین پێشوازیی لە واژۆکردنی هاوپەیمانیی بەرگری لە نێوان عەرەبستانی سعوودی، تورکیە و پاکستان کرد و بە "هەنگاوێکی ستراتێژی بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و هاوکاری لە جیهانی ئیسلامیدا" ناوی برد.
لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریدا هاتووە کە ئەم پەیماننامەیە دەکرێت ببێتە خاڵی دەستپێک بۆ بەهێزکردنی «سیستەمی ئاسایشی بەکۆمەڵی عەرەبی و ئیسلامی».
لەسەر بنەمای ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکە، هێرشی چەکداری بۆ سەر هەر یەکێک لەو سێ وڵاتە، بە هێرش بۆ سەر هەرسێکیان بە ئەژمار دەکرێت. ئەم هاوپەیمانییە لە بارودۆخێکدا واژۆ کرا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و هاوپەیمانەکانی لە ۹ی ڕەشەمە هێرشی مووشەکییان کردووەتە سەر عەرەبستانی سعوودی، کوەیت، بەحرەین، قەتەر، ئێمارات، عومان، ئۆردۆن، ئیسرائیل و هەناردەکردنی وزەی وڵاتانی کەنداو لە گەرووی هۆرمۆز.
عەرەبستانی سعوودی، پاکستان و تورکیە ڕۆژی هەینی ١٦ی گەلاوێژ هاوپەیمانییەکی هاوبەشی بەرگرییان لە مەککە واژۆ کرد.
پشتگیریی تەشکیلاتی خۆبەڕێوەبەریی فەلەستین لە هاوپەیمانیی بەرگریی مەککە لەکاتێکدایە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دەستێوەردانی لە کاروباری فەلەستین دەیهەویست جێگە و پێگەی خۆی لەو ناوچەیە قایم بکات و سامان و سەرمایەی خەڵکی ئێرانی لەو ڕێگەیەدا بە فیڕۆ دا و هەڵوێستی ئەو تەشکیلاتە، شکستێکی گەورەی دیکەی ڕێژیمی تارانە لە ناوچەکەدا.