کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی بەرپرسانی ڕێژیم بە هاوپەیمانیی مەککە

14:23 - 17 گەلاوێژ 2726

لە دوای واژۆکرانی هاوپەیمانیی بەرگریی مەککە لەنێوان عەرەبستان، تورکیە و پاکستان، بەرپرسانی ڕێژیمی تاران ترسیان لێنیشتووە و کاردانەوەی توندیان نیشان دا.

حوسێن شەریعەتمەداری، بەرپرسی ڕۆژنامەی کەیهان، لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر بە پەیماننامەی بەرگریی مەککە لە نێوان پاکستان، عەرەبستانی سعوودی و تورکیە، بە ئاماژەدان بە لێدوانەکانی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، وتی: "ئایا وڵاتێک کە سەرۆکوەزیرانەکەی، ترامپی پیس و تاوانبار بە مرۆڤێکی بەڕێز دەزانێت، شایستەی نێوەندگیرییە؟".

ناوبراو بە تاوانبارکردنی بەرپرسانی پاکستانی لەو پێوەندییەدا وتی: "شەریف شایستەی نێوەندگیری لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکادا نییە".

بەرپرسی ڕۆژنامەی کەیهان هەروەها وڵاتانی پاکستان، تورکیە و عەرەبستانی سعوودیی بە وڵاتی «بەناو موسڵمان» وەسف کرد و تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ ئیسرائیلی لەپێوەندیی لەگەڵ بابەتی غەززە دایە پاڵیان.

هەر لەو پێوەندییەدا، ئیبراهیم ڕەزایی، ئەندامی کومیسیۆنی ئەمنییەتی میللی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی ڕێژیم، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی لە وڵاتی عەرەبستان کرد و ڕایگەیاند کە پەیمانی بەرگریی مەکە ئاسایشیان بۆ دابین ناکات.

عەرەبستانی سعوودی، پاکستان و تورکیە ڕۆژی هەینی ١٦ی گەلاوێژ هاوپەیمانییەکی هاوبەشی بەرگرییان لە مەککە واژۆ کرد و لەسەر بنەمای ئەو هاوپەیمانییە، هێرشی چەکداری بۆ سەر هەر یەکێک لەو سێ وڵاتە، بە هێرش بۆ سەر هەرسێکیان بە ئەژمار دەکرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی تاران لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا دەیان جار هێرشی مووشەکی و دڕۆنی کردووەتە سەر عەرەبستان و ئەم هاوپەیمانییە ترسی خستووەتە دڵی کاربەدەستانی تارانەوە.