کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی ڕێژیم سەبارەت بە مەرگی بەکۆمەڵی نەخۆشەکان هۆشداری دا

14:29 - 17 گەلاوێژ 2726

وتەبێژی کۆمیسیۆنی تەندروستیی مەجلیسی ڕێژیم هۆشدارییەکی توندی لەبارەی ئەگەری لادانی دراوی دەوڵەتی بۆ دەرمان و کەرەستەی پزیشکی دا و ڕایگەیاند کە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەتوانێت ساڵی داهاتوو بکاتە "ساڵی کوشتاری نەخۆشەکان".

سەلمان ئێسحاقی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە تەنانەت پێش جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەش، ئێستا نزیکەی هەزار قەڵەم دەرمان کەمیان هێناوە و ٤٣ قەڵەمیان لە قۆناغی "کەمیی قەیرانیدان".

بەهۆی گرانبوونی دەرمانەکانی شێرپەنجە و هیمۆفیلی و تالاسێمی، زۆرێک لە نەخۆشەکان بەهۆی نەبوونی داراییەوە چارەسەرەکانیان ڕاگرتووە؛ ئەمەش بەواتای قەبووڵکردنی مەرگە لەسەر ناچاری.

ناوبراو ڕەخنەی توندی لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی دەرمان گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی یاسا دەبوو هاووڵاتییان تەنیا ٣٠٪ی تێچووی دەرمان بدەن، بەڵام ئێستا زیاتر لە ٧٠٪ی تێچووەکە لە گیرفانی نەخۆشەکان دەدرێت و سیستەمێکی چینایەتی لە کەرتی تەندروستیدا دروست بووە.

ئێسحاقی ئاماژەی بە تەرخانکردنی ٣.٢ میلیارد دۆلار بۆ کەلوپەلە بنەڕەتییەکان لە بودجەی ١٤٠٥دا کرد و هۆشداریی دا ئەگەر دراوی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی لە بودجەی ١٤٠٦دا لابرێت، ساڵی داهاتوو دەبێتە "ساڵی کوشتاری نەخۆشەکان".

وتەبێژی کۆمسیۆنی تەندروستی جەختی کردەوە کە ناکارامەیی سیستەمی بیمە و لاوازیی چاوەدێری بووەتە هۆی ڕەخساندنی بەستێنی گەندەڵی.

ناوبروا لە پەیامێکدا بۆ وەزیری ئابووری داوای کرد خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە بەرپرسان ببڕدرێت تاکوو لە قووڵیی ئەم کارەساتە مرۆییە تێبگەن.