کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوونەدەروەی یەک میلیۆن کرێکار لە بازاڕی کار؛ ئاماری بێکاریی ٧٪ی ڕاست نییە

14:32 - 17 گەلاوێژ 2726

کارناسانی ئابووری جەخت دەکەنەوە کە ئامارە فەرمییەکانی وەک ڕێژەی بێکاریی ٧٪ی ڕەنگدانەوەی ڕەوشی ڕاستەقینەی ئابووری و بازاڕی کاری ئێران نین.

بەپێی زانیارییەکان، دوای پێشهاتە سەربازییەکان و دروستبوونی شەڕ، تەنیا لە چوارچێوەی کاریگەرییە ڕاستەوخۆکاندا زیاتر لە ٤٥٠ هەزار کەس بێکار بوون و ٦٣٠ هەزار دەرفەتی کاری پیشەسازی لەنێو چوون.

ئەندامێکی باڵای ژووری بازرگانیش ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی ڕاستەقینەی بێکاری پێنج ئەوەندەی ئامارە فەرمییەکانە.

مێهرداد دارانی، کارناسی پەیوەندییەکانی کار ئاماژەی بەوە کرد کە پێناسەی پەسەندکراوی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار بووەتە هۆی بەلاڕێدادانی ئامارەکان؛ چونکە تەنانەت کارکردنی یەک کاتژمێریی ناکارامە لە حەفتەیەکدا وەک کاری ڕاستەقینە هەژمار دەکرێت.

ناوبراو ڕایگەیاند لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی یەک میلیۆن کەس لە ژمارەی کەسانی خاوەن بیمە کەم بوونەتەوە.

ئەم کارناسە جەختی کردەوە کە بەشێکی زۆری هێزی کار لە بەشی پیشەسازی و فەرمییەوە ڕوویان لە کارە ناسەقامگیر، کاتی، ژێرزەوینی و بێ بیمەکان کردووە.

ناوبراو داوای کرد کە بۆ دەستنیشانکردنی دروستی ئاستی بێکاری، پێویستە پێوەرەکانی وەکوو کارکردنی ٨ کاتژمێری بە گرێبەستی فەرمی و مووچەی گونجاو بخرێنە ناو ئامارەکانەوە تا وێنەیەکی ڕاستەقینە لە بازاڕی کار بێتە ئاراوە.