سەید مێهدی قوڕەیشی، پێشنوێژی هەینیی ورمێ و نوێنەری ڕێبەری ڕێژیم لەو پارێزگایە، لە وتارەکانی نوێژی هەینیدا، وێڕای دەستخۆشی لە دەسەڵاتی بەناو دادوەری لەسەر لەسێدارەدانی ئەو کەسانەی کە ڕێژیم بە «هاوکاری لەگەڵ دوژمن» تۆمەتباریان دەکات، جەختی کردەوە.
ناوبراو لەسەر بەردەوامیی «هەڵسوکەوتی توند» و جێبەجێکردنی لەسێدارەدانەکان پێداگری کردووە و دروشمی «نەخێر بۆ لەسێدارەدان» و لێدوانی بلۆگەر و سێلێبریتییەکان لەسەر دۆسییە ئەمنییەکانی بە هەڵە و نادروست وەسف کرد.
قوڕەیشی دژایەتیی سزای لەسێدارەدانی بە «نەزانیی سەردەمی نوێ» ناو برد و لەسێدارەدانەکانی بە «پەند لێوەرگرتن» بۆ کۆمەڵگە زانیوە.
میدیا حکومییەکانی ڕێژیم وەک "میزان" و "تەسنیم" لە زمانی ناوبراوەوە نووسویانە کە "دەسخۆشیی لە دەسەڵاتی دادوەری بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو کەسانە کردووە کە بە هاوکاریکردنی دوژمن تۆمەتبار کراون".
شایانی باسە ئەو نوێنەرەی ڕێبەری ڕێژیم لەو لێدوانە گاڵتەجاڕانەدا وتوویەتی: "دەسەڵاتی دادوەری لە هەڵسوکەستکردن لەگەڵ ئەم کەسانەدا لێبوردەیی نواندووە".
شایانی باسە لە ڕوانگەی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتییەوە، ئەم لێدوانانە چەندین پێشێلکاریی بنەڕەتی لە پێوەر و بنەماکانی مافی مرۆڤدا لەخۆ دەگرن؛ لەوانەش، تاوانبارکردنی هەڵمەتی «نەخێر بۆ لەسێدارەدان» و ئازادیی ڕادەربڕین. بەپێی مادەی ۱۹ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، ناوبردنی دژایەتی لەگەڵ سێدارە وەک «نەزانیی سەردەمی نوێ» یان «هاوکاری لەگەڵ دوژمن»، هەوڵێکە بۆ داخستنی کۆمەڵگەی مەدەنی و زەوتکردنی مافی دادخوازيی ئاشتییانە.
هەروەها مەترسی لەسەر مافی ژیان؛ بەپێی مادەی ۳ی ڕاگەیاندنی گشتیی مافی مرۆڤ و مادەی ۶ی پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان. هاندان بۆ خێراکردن و بەردەوامیی جێبەجێکردنی لەسێدارەدانەکان لەگەڵ ڕۆحی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان کە داوای ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی قۆناغ بە قۆناغی سزای مردن دەکەن، تەواو ناکۆکە.
هەروەها پەردەپۆشکردنی پێشێلکاریی «دادگاییکردنی دادپەروەرانە»؛ بانگەشەی دەرکردنی حوکمەکان لە دادگا تایبەتمەندەکاندا لە کاتێکدا دەکرێت کە بەپێی مادەی ١٤ی پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، هەر تۆمەتبارێک مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو، دادگای ئاشکرا و سەربەخۆ، و بەکارنەهێنانی دانپێدانانی زۆرەملێی هەیە؛ ئەو بابەتانەی کە لە دادگاکانی ئینقلاب و دۆسییە ئەمنییەکان لە ئێراندا بە توندی پشتگوێ دەخرێن و دەیان پێشێلکاریی دیکە لە لێدوانی ئەو کەسەدا بەدی دەکرێت.
شایانی باسە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕیزی سێ وڵاتی جیهان لە بواری زۆریی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەداندایە.