بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە بەشی هەواڵی ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دێموکرات، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە درێژەی هەوڵە ئەمنییەتییەکانیدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بزووتنەوەی جەماوەری، پرۆژەیەکی بەرفراوانی ڕاکێشانی کابلی فیبری نووریی لە شاری بانە دەست پێکردووە.
ئامانجی سەرەکی لەم پرۆژەیە، لێکگرێدانی تەواوی کامێراکانی چاوەدێریی ناوشار بە مەبەستی سیخوڕیکردن و چاوەدێریکردنی وردی ڕووداوەکان و هاتوچۆی هاووڵاتییانە.
ئەم پرۆژەیە زیاتر وەک پرۆژەیەکی هاوبەش دێتە بەرچاو و دیمەنەکانی ئەنباری ئامێر و کەلوپەلەکانی شارەوانیی بانە نیشانی دەدەن کە شارەداری هەموو تێچووەکەی دەدات و ئیتلاعات و سپای ڕێژیم کەڵکی لێوەردەگرن.
شارەوانیی بانە لەجیاتی ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی شارستانی، بووەتە خزمەتکاری دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم وەک ئیتلاعات و سپای تێرۆریستیی پاسداران بۆ جێبەجێکردنی پلانە سەرکوتکارەکانیان.
ئەم کردەوانە لە بانە، درێژەی هەمان سیاسەتە ئەمنییانەیە کە ڕێژیم لە ڕابردوو و ئێستاشدا لە سەرانسەری کوردستان پەیڕەوی کردووە؛ سیاسەتێک کە نیشانەی ترسی قووڵی ڕێژیمی دژەکوردی ئێران لە ئیرادە، خۆڕاگری و ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانە.