قەتەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بە بەرپرسی هێرشی مووشەکی بۆ سەر نەوتهەڵگری سەر بە شیرکەتی نیشتمانیی نەوتی ئەبووزەبی لە گەرووی هۆرمۆز زانی و سەرەڕای مەحکوومکردنی ئەو هێرشانە، داوای ڕاگرتنی هێرشی بێ پاساوی ڕێژیمی ئێرانی بۆ سەر سامان و دارایی وڵاتە دۆستەکان کرد.
ئەمڕۆ شەممە ١٧ی گەلاوێژ، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دژایەتیی لێبڕاوانەی توندی وڵاتەکەی بۆ بەکارهێنانی گەرووی هۆرمۆز وەک ئامرازی گوشار ڕاگەیاند و داوای کردنەوەی بێ مەرجی ئەم ڕێڕەوە ئاوییەی کرد.
لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "ئازادیی هاتوچۆی دەریاوانی لەم ڕێڕەوە هەستیارەدا، بنەمایەکی جێگیرە و دانوستاندنی لەسەر ناکرێت".
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر هۆشداری دا کە بەردەوامبوونی داخستنی گەرووی هۆرمۆز، بەرژەوەندییە هەستیارەکانی وڵاتانی ناوچەکە و ئابووریی جیهان دەخاتە مەترسییەوە.
قەتەر هەروەها پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ میرنشنی ئێمارات دووپات کردەوە و ڕایگەیاند "پشتگیری لەو ڕێوشوێنانە دەکات کە ئەم وڵاتە بۆ پاراستنی موڵک و ماڵی خۆی دەگرێتەبەر".
شایانی باسە شیرکەتی نیشتمانیی نەوتی ئەبووزەبی (ئەدنۆک) ڕایگەیاند لە حەفتەی ڕابردوودا سێ نەوتهەڵگری دیکەی ئەو شیرکەتە لە گەرووی هۆرمۆز کەوتوونەتە بەردەم هێرشی مووشەکی و دڕۆنی.
بەپێی ئامارەکانی شیرکەتی ئەدنۆک، لە دەستپێکی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکاوە، لانیکەم ١٥ کەشتی و نەوتهەڵگری سەر بە ئەبووزەبی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کراونەتە ئامانج و بە هۆیەوە لانیکەم کەسێک کوژراوە و ٢٠ی دیکەش بریندار بوون.