
عومەر باڵەکی
٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێ دەنێتە هەشتا و یەکەمین ساڵی تەمەنی خۆی. دوای هەشتا و یەک ساڵ خەبات و قوربانیدانی بێپسانەوەی لەپێناو وەدەستخستنەوەی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەبینین ئێستاش ئەو حیزبە بە هەمان گوڕوتێنی ڕۆژی دامەزراندنی لە مەیدانی تێکۆشان بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورددایە.
بەپێی هەموو بەڵگەکانی بەردەست دامەزراندنی حیزبی دێموکرات لەو سەردەمدا لەسەر بنەماکانی ڕێکخراوی کۆمەڵەی ژێ – کاف و بە ڕێبەریی پێشەوا قازی محەممەد پێویستییەکی مێژوویی بوو. کە دەگوترێ پێویستییەکی مێژوویی، بەو مانایە کە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە هەلومەرجێکدا بوو کە جووڵانەوەکانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان لەلایەن دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا بە توندترین شێوە سەرکوت کرابوون و کەشوهەوایەکی نائومێدی باڵی بەسەر پانتایی کوردستانی گەورەدا کێشابوو. لە هەمان کاتدا لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی دیکتاتۆریی پەهلەویدا بە ڕەچاوکردنی توندوتیژییەکی لەڕادەبەدەر دەرحەق بە گەلانی ئێران بەتایبەتی گەلی کورد، نیزامی سیاسیی زاڵ بە سەر وڵات هەوڵی بۆ پێکهێنانی دەوڵەت-نەتەوە لە ئێران دەدا؛ واتە تواندنەوەی کولتوور و فەرهەنگ و زمان و مێژووی نەتەوەکانی دیکەی ئێران لە فەرهەنگ و کولتووری نەتەوەی باڵادەست و دەسەڵاتداردا، و بە قسەی خۆیان پێکهێنانی ئێرانێکی یەکپارچە لەسەر بنەمای یەک زمان و یەک نەتەوە.
بۆیە دەتوانین بڵێین پێکهاتنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە یەکەم هەنگاودا پەرچەکردارێکی شوناسخوازیی نەتەوەیی بوو لە بەرانبەر سیاسەتی تواندنەوەی شوناسی نەتەوەکان لە نەتەوەی باڵادەستدا. لە هەمان کاتدا دامەزرانی حیزب بە شێوەی مودێرن و سەردەمیانە کە بتوانێت ڕێبەریی جووڵانەوەی نەتەوەیی بکات، کۆتایی بە بزووتنەوە پەرشوبڵاوەکانی نەتەوەی کورد لە پانتایی کوردستان هێنا و گوتاری نەتەوەیی و یەکگرتووی کوردی بە هیماکانی وەک: «ئاڵا، سروودی نەتەوەیی، دیاریکردنی بڕیاردان لە مافی چارەنووس وەک ستراتیژیی درێژخایەنی خۆی، دامەزراندنی سوپای میللی بە نازناوی پێشمەرگە، بەڕەسمیکردنی زمانی کوردی لە قوتابخانە و ئیداراتی دەوڵەتی...» بێنێتە نێو فەرهەنگ و کولتووری سیاسی و خەباتگێڕیی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان.
هەموو ئەوانەش بە دامەزراندن و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بەکردەوە جێبەجێ کران. ئەوەش سەرەتایەک بوو بۆوەی گوتاری نەتەوەیی لە نێو هۆز و عەشیرەت و ناوچەیەکی بەرتەسکی جوگرافییەوە بگوازێتەوە بۆ پانتایی هەموو کوردستان و بەتایبەتی بۆ نێو شار و چینی مامناوەندی کۆمەڵگەی کوردەواری، و ئەوە بوو بەو هۆکارەی کە ڕووناکبیران و خوێندەوارانی دڵسۆزی نیشتمان تێکەڵ بە بزاڤی مافخوازانەی گەلی کورد ببن و لە هەمان کاتدا مەیدانی ئەوەیان بۆ ڕەخسا بێنە نێو کۆڕی ڕێبەریکردنی ئەو جووڵانەوەیە.
یەکێکی دیکە لە پێویستییەکانی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو سەردەمەدا ئەوە بوو کە کۆمەڵگەی کوردستان ئاشنا بە دنیای مودێرن و پێشکەوتووی ئەو سەردەمە بکات، بەتایبەتی لە بواری بەڕێوەبردنی وڵات یا حیزب بە شێوازی ڕێبەریی بەکۆمەڵ. بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر لە سەرەتاوە هەوڵی دا پرسی نەتەوەیی گرێ بدات بە جێگیرکردنی پڕەنسیپەکانی دێموکراسی لەنێو حیزب و کۆمەڵگەدا، کە لەو سەردەمدا یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانە. بە واتایەکی دیکە، جێگیرکردنی ئەو پڕەنسیپانە لەنێو حیزب و کۆمەڵگەدا لە دواڕۆژدا ڕێگەی خۆش کرد بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات و بەشداریکردنی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان لە ئیدارەدانی کوردستاندا لەو قۆناغانەی کوردستان ئازاد و لەژێر دەسەڵاتی خەڵکدا بوو، یا لە ئیدارەدانی نێوخۆی حیزب کە ڕێبەریی جووڵانەوەی میللی دێموکراتیکی گەلی کوردی کەوتبووە سەر شان.
بەو هۆکارانەی سەرەوە باسمان کرد، دەتوانین بڵێین دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان توانی شوناسێکی سەردەمیانە و هەمهلایەنە بە جووڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کورد ببەخشێت؛ بە چەشنێک کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان خۆیان تێدا دەدیتەوە. ئەوەش لە ماوەی هەشتا و یەک ساڵی ڕابردوودا بووەتە ڕەمزی مانەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان. واتە پشتیوانیی هەراوی خەڵکی کوردستان لە ماوەی هەشتا و یەک ساڵی ڕابردوودا توانیویەتی حیزبی دێموکرات هەروا بەهێز ڕابگرێت و لە گەردەلوولی ڕووداوەکان بیپارێزێت، بە چەشنێک کە لە هەشتا و یەک ساڵەی دامەزرانیدا ئێستاش حیزبی دێموکرات، حیزبی پێشەنگی جووڵانەوەی میللی دێموکراتیکی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
ئەگەر گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی هەشتا و یەک ساڵی ڕابردوودا پشتیوانیی هەمهلایەنەیان لە حیزبی دێموکراتی کوردستان نەکردبایە و حیزبیان بە ئی خۆیان نەزانیبا، حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو ماوەیەدا کە بە دژی دوو ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی -کە هەتا سەر ئێسقان دوژمنی سوێندخواردووی گەلی کورد بوون و هەن- خەبات و بەربەرەکانیی کردووە و دەیان کارەساتی گەورەی بەسەر هاتووە، دەبوایە ئەو حیزبە لێک هەڵوەشابایەوە و ئاسەواری نەماوایە. کارەساتگەلێکی وەک: «ڕووخانی کۆماری کوردستان، لەسێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێکانی، هێرشی بەربڵاوی دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی پاشایەتی لە ساڵەکانی ٣٢ و ٣٨ی هەتاوی و تێکشکانی ڕاپەڕینی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦-٤٧، داسەپاندنی شەڕ بەسەر کوردستان لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، شەهیدبوونی زیاتر لە پێنج هەزار کادر و پێشمەرگە و شەهیدبوونی زیاتر لە ٣٠ ئەندامی ڕێبەریی حیزب و تێرۆرکردنی د. قاسملوو و شەرەفکەندی و چەندین جاران بۆمباران و مووشەکبارانی شوێنی نیشتەجێبوونی ئەندامانی ئاشکرای حیزب لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە و دەیان کارەساتی دوژمنکارانەی دیکەی حکوومەتەکانی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی و...». بەڵام دەبینین حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سووربوون لەسەر درێژەدانی خەبات و پشتیوانیی بەربەرینی خەڵکی کوردستان و ئازایەتی و لەخۆبوردوویی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی ئاشکرا و نهێنیی حیزب، وای کردووە پێگەی سیاسی و جەماوەریی ئەو حیزبە ڕۆژ بە ڕۆژ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە دنیای دەرەوەش بەهێزتر لە جاران خۆی دەربخات.
ئەوەش تەنیا قسەیەک نییە بۆ دڵخۆشی، بەڵکوو سەرچاوەگرتوو لە ڕاستییەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردستانە. لە ساڵی ١٤٠١ لە ڕاپەڕینی ژینادا کە سەرانسەری ئێران و کوردستانی گرتەوە، لە کوردستان هێما نەتەوەییەکان -کە حیزبی دێموکراتی کوردستان داهێنەر و لە پەرەگرتن و گەشەکردنیاندا ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە- بوونە سەمبۆلی ناڕەزایەتییەکان و درووشمی «قاسملوو قاسملوو، ڕێگات درێژەی هەیە» بوو بە دروشمی زۆربەی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی کوردستان. ئەوە تەنیا دروشمێک نەبوو، بەڵکوو سەلماندنی ئەو ڕاستییە بوو کە بیر و هزری قاسملوو، کە هەمان ڕێگا و ڕێبازی حیزبی دێموکراتە؛ دوای چەندین دەیە دەم بە دەم گەشەی کردووە و نەوە دوای نەوە هاتووە و ئێستا لە شەقامەکانی کوردستاندا دەنگ دەداتەوە.
یاخود بەخاکسپاردنی شەهیدانی شۆڕشی ژینا بە ئاڵای کوردستان و هێماکانی حیزب، نیشانەی بوونی حیزبی دێموکراتە لە ناخی کۆمەڵگەی کوردستاندا، یا لە نەورۆزی ١٤٠٤ی هەتاویدا کە بە «نەورۆزی خاکیپۆشان» ناوی دەرکرد، خەڵکی کوردستان بە پۆشینی جلی خاکی پەیامێکی ڕاستەوخۆیان دا بە دەسەڵاتدارانی تاران کە پێشمەرگە هەڵگری ئامانجەکانی خەڵکی کوردستانن و پێشمەرگە کوڕ و کچی ئەو نیشتمانەن و بە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجی گەل تێدەکۆشن و پارێزگاری لە مان و مەوجودییەتی گەلی کورد دەکەن.
هەموو ئەوانەی باس کران بەڵگەن لەسەر ئەوەی بیر و هزری حیزبی دێموکرات هەڵقوڵاوی ویست و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستانە، هەر بۆیە لە ماوەی هەشتا و یەک ساڵی ڕابردوودا لەنێو کۆمەڵگەی کوردستاندا هەر بە زیندوویی ماوەتەوە. لە هەمان کاتدا گوتاری نەتەوەیی حیزبی دێموکرات بۆ نەوە لە دوای نەوە بووەتە هێزێکی بزوێنەر، بە چەشنێک کە ڕەوڕەوەی خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان لە ماوەی ئەو هەشتا و یەک ساڵەی ڕابردوودا لە سووڕان نەکەوتووە و درێژەی بە حەیاتی خۆی داوە. بەو پشتیوانییە بەربەرینەی خەڵکی کوردستان، ئەو خەباتە هەتا لووتکەی سەرکەوتن و وەدیهاتنی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر بەردەوام دەبێت.