کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەڵکاژۆوەرگرتنی سپای پاسداران لە جلوبەرگی پیرۆزی پێشمەرگە

11:33 - 10 گەلاوێژ 2726

بەپێی زانیارییەکان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تاقمێک لە جاش و بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە باخەکانی ئاواییەکانی سەرگیز، قەرەسەقەڵ، سەردەرێ و دنخەی دەوروبەری نەڵۆسی شنۆ، بە جلوبەرگی پێشمەرگانەوە خۆیان مۆڵ داوە.

​بەپێی زانیاریی چەند سەرچاوەیەک، ئامانج لەم کارە، بەلاڕێدابردنی هەستی خەڵک و خستنەداوی خەڵکی نیشتمانپەروەری ئەو ناوچانەیە.

پێشتریش لە شارەکانی پاوە، جوانڕۆ، سەلاس، مەریوان، بۆکان، بانە و سەردەشت ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران هەوڵی لەو جۆرەیان بۆ لەداوخستنی خەڵکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست داوە.

پێشمەرگە لەنێو خەڵکی کوردستاندا خۆشەویست و خاوەن جێگە و پێگەیە و دوژمنانی کوردستان بە کەڵکاژۆوەرگرتن لەو ناوە خۆشەویستە و لە ڕێگەی لەبەرکردنی جلوبەرگی پێشمەرگە دەیانەوێت جێگەی خۆیان لەنێو دڵی خەڵکی کوردستاندا بکاتەوە.

پێویستە خەڵکی ئەو ناوچانە ئاگادار بن و ئەم خۆفرۆشانە بناسن و نەکەونە داوی سپای پاسداران و ئەو کەسانەوە.