کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەردە لەسەر پەرتووکی "سەقز لە ڕوانگەی شاعیراندا" لادرا

23:41 - 17 گەلاوێژ 2726

پەرتووکی "سەقز لە ڕوانگەی شاعیراندا"، تازەترین بەرهەمی توێژینەوە و کۆکردنەوەی توێژەر و چالاکوانی فەرهەنگی "مستەفا ئاسور"، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بەرچاوی ئەدیبان و ڕۆشنبیران لە هۆڵی ماڵی ئومێدی شاری سەقز پەردەی لەسەر لادرا.

ئەم بەرهەمە زانستییە کە لە ٤٥٧ لاپەڕەدا لەلایەن بڵاوکراوەی "هەژان"ەوە چاپ کراوە، بێجگە لە پێشەکییەکی شیکاریی ٩٢ لاپەڕەیی بە پێنووسی د. ئەحمەد ئەحمەدیان و تێبینییەکی د. شەهباز مۆحسنی، ڕوانگەی ٤٤ شاعیری کورد لەسەر مێژوو، فەرهەنگ و جوغرافیای سەقز دەخاتە ڕوو.

هەروەها پەرتووکەکە پەرە بە ناساندنی شوێنەوارە مێژووییەکان، کانی، گەڕەک، گوند و تایبەتمەندییە کلتوورییەکانی ئەم ناوچەیە دەدات.

لە ڕێوڕەسمی پەردەلادانی ئەو پەرتووکە، مامۆستایانی زانکۆ جەختیان لەسەر گرنگیی ئەم پەرتووکە وەک سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو لە بواری سەقزناسیدا کردەوە.

ئاماژە بەوەش کرا کە سەقز هەمیشە شوێنی پاراستنی کەلتوور و ناوەندی سەرهەڵدانی هزری نوێ بووە لە کوردستان و ئێراندا.

ڕێوڕەسمەکە بە پێشکەشکردنی شێعر و مووزیكی ڕەسەن کۆتایی هات.