هەواڵدەرییەکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاند کە ئیسرائیل هێشتا ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی تاكلایەنە بۆ سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بێ بەشداریکردنی ئەمریکا لەسەر مێز دەهێڵێتەوە.
کەناڵی ۱۳ی ئیسرائیل نووسیویەتی: "دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن لەبارەی هەوڵەکانی دەن کەین، سەرۆکی ستادی هاوبەشی ئەرتەشی ئەمریکا، بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ئامادەکارییەکان لە ئیسرائیل بۆ ئەگەری "کردەوەیەکی سەربەخۆی سەربازی" لە دژی کۆماری ئیسلامی بەردەوامن".
بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، بەرپرسانی ئەمریکایی هیوادار بوون پێش کۆتایی ئەم حەفتەیە هەواڵی گەیشتن بە ڕێککەوتننامەکە ڕابگەیەنن، بەڵام هێشتا چاوەڕێی وڵامی کاربەدەستانی ڕێژیمی تارانن.
ئەو ڕاپۆرتە لە زاری "جەی دی ڤانس"، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکاوە ڕایگەیاندووە: "کۆماری ئیسلامیش دەیەوێت کۆتایی بە شەڕ بێنێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا دەتوانێت ئەوەی ئێمە دەمانەوێت پێشکەشی بکات؟".
پێشتریش کاناڵی ١٣ی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە ئەرتەشی ئەو وڵاتە هاوکات لەگەڵ بەهێزبوونی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران، هێزەکانی خۆی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواوەوە.
بەپێی ئەو پلانە سەربازییانەی کە داڕێژراون، هێرشە چاوەڕوانکراوەکان ژێرخانەکان، کەرتی وزە و وێستگەکانی کارەبای ئێران دەگرنەوە؛ هەروەها ئەگەری هەیە ئەرتەشی ئیسرائیل لە پرۆسەیەکی سەربازیی ورددا، بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی هاوشێوەی شەڕی ١٢ ڕۆژە بکاتەوە ئامانج.
هەروەها بەرپرسێکی باڵای ئەرتەشی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەی ''مەعاریو''ی ڕاگەیاندبوو کە "ئەو شتانەی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئێران ڕوو دەدەن لە ژێر چاوەدێریی ئێمەدایە و بۆ کۆمەڵێک سێناریۆ و بژاردە ئامادەکاری دەکەین، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە ڕەنگە پێویست بکات جارێکی دیکە دژی ئێران هێرشی سەربازی بگرینەبەر".