کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆڕینی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم؛ پزیشکییان دانی بە ناکۆکییەکاندا نا

09:15 - 18 گەلاوێژ 2726

لە دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان لەمەڕ دەستلەکارکێشانەوەی محەممەدباقر زولقەدر، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم، مەسعوود پزیشکییان، بە ئاشکرابوونی ناتەبایی و ناکۆکیی نێوان باڵەکانی ڕێژیمی پشتڕاست کردەوە.

هەندێک لە میدیاکانی ڕێژیم، ڕۆژی شەممە ١٧ی گەلاوێژ، ڕایانگەیاند کە مەسعوود پزیشکییان لە پەراوێزی کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەم دەستلەکارکێشانەوەیەی پشتڕاست کردەوە و وتی: "هەندێک جیاوازی و ناکۆکیی هەن کە هەوڵ دەدەین چارەسەریان بکەین."

ناوبراو ئاماژەی بە وردەکاریی زیاتری ئەو ناکۆکییانە نەکرد.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەندێک لە میدیاکان هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی زولقەدر و دیاریکردنی موحسێن ڕەزاییان وەک سکرتێری نوێی ئەو ئەنجومەنە بڵاو کردبووەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە چەند کاتژمێر پێشتر، ڕۆژنامەی "سازەندەگی" لە ژمارەی ڕۆژی شەممەی خۆیدا بە گێڕانەوە لە سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند کە پزیشکییان دژایەتیی خۆی لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوەی  زولقەدر دەربڕیوە.

محەممەدباقر زولقەدر لە دوای کوژرانی عەلی لاریجانی لە ڕەوتی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەدا وەک سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم دەستنیشان کرا.

ناکۆکی و ناتەباییەکانی نێو باڵە جیاجیاکانی ڕێژیم لەکاتێکدایە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی دەیان ساڵە بە دەستتێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچە و جیهان هەوڵی دروستکردنی تۆوی ناکۆکی و شەڕی نێوخۆییان داوە و لە ئێستادا کە ڕێژیم لە لاوازترین دۆخی مێژوویی خۆی لە هەموو بوارێکدایە، زیاتر لە هەموو قەیرانێک، شێواویی شیرازەی دەسەڵات و شەڕی نەرمیی نێوان باڵەکان خەریکە سەری ئەو ڕێژیمەوە دەخوات.