کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارمتەگرتنی بازرگانیی جیهانی؛ ڕێژیم شەش مەرجی بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز دیاری کرد

09:30 - 18 گەلاوێژ 2726

ڕێژیمی ئێران جارێکی دیکە لە ڕێگەی سەپاندنی مەرجی نوێوە، ئەمنییەتی دەریایی و بازرگانیی جیهانی لە گەرووی هۆرمۆزدا کردووەتە بارمتەی زێدەخوازییە سیاسی و سەربازییەکانی خۆی.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیرنا، پاسداری تێرۆریست محەممەدباقر زولقەدر، سکرتێری شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللیی ڕێژیمی ئێران، ئاماژەی بەوە کردووە تا بێگومان ئەمریکا ڕەفتارەکانی ڕاست نەکاتەوە، گەرووی هۆرمۆز ناکرێتەوە.

ڕێژیمی تاران شەش داواکاریی وەک مەرج بۆ کردنەوەی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە گرنگە دیاری کردووە، لەوانە: ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئێران و گرووپە تێرۆریستییە نیابەتییەکانی، کشانەوەی هێزەکانی ئێران لە دەورووبەری ئێران، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی، هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەکان، ئازادکردنی بێ‌مەرجی پارە بلۆکەکراوەکان و هەروەها قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی شەڕ.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران جەختی کردووەتەوە تاکوو ئەمریکا ئەو شەش مەرجە قەبووڵ نەکات، گەرووی هۆرمۆز ناکرێتەوە.

ئەم مەرجانەی ڕێژیم لەکاتێکدا دەخرێنە ڕوو کە دانوستانەکان بۆ کردنەوەی ڕێڕەوەکە بەردەوامن و بەرپرسانی ئەمریکاش ئاماژە بە بەردەوامی سەرکێشیی ئێران لەبەرانبەر ئەمنییەتی وزەی جیهانی دەکەن.

شارەزایان پێیان وایە بەکارهێنانی گەرووی هۆرمۆز وەک کارتێکی گوشار و باڵادەستی، سەلمێنەری درێژەپێدانی سیاسەتی زێدەخوازیی ڕێژیمی ئێرانە لە ناوچەکەدا، کە ڕاستەوخۆ ئابووریی جیهانی و هاتوچۆی دەریاوانی خستووەتە مەترسییەوە.