ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا ئاماری لەسێدارەدانەکانی ئێرانی لە مانگی ٧ی زایینیی ٢٠٢٦ لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: "لەو مانگەدا لانیکەم ٧١ کەس لە ٢٦ بەندیخانەی ئێراندا لە سێدارە دراون، کە ٦ حاڵەتیان لە شوێنی نادیار و ۲ کەسیان لەبەر چاوی خەڵکەوە بووە".
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لەم نێوانەدا، ٧ بەندکراوی سیاسی (پێکهاتوو لە ٦ کەس لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ و کەسێک لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی) و ٢ بەندکراوی ئەمنییەتی لە پەیوەندی لەگەڵ گرووپە توندڕەوە ئایینییەکان، زیاتر لە ٥٠٪ لە پەیوەندیی بە «کوشتن» و ٣٦٪ لە پەیوەندی لەگەڵ «ماددە هۆشبەرەکان»ـەوە لە سێدارە دراون.
لەنێو لەسێدارەدراوەکاندا، ٧ کەسیان هاووڵاتیی کورد، ٤ کەس هاووڵاتیی بەلووچ، ١ کەس هاووڵاتیی تورک، ١ کەس هاووڵاتیی تورکمان و ٤ کەسیان هاووڵاتیی وڵاتی ئەفغانستان بوون.
شایانی باسە زیاتر لە ٩٤٪ی لەسێدارەدانەکان لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە ڕانەگەیەندراون و ٦٧٪یان بە شێوەی گرووپی ٢ تا چەند کەسی لە سێدارە دراون.
هەروەها کوردپا ئاماری نیوەی یەکەمی ٢٠٢٦ی بڵاو کردەوە و لەنێوان زیاتر لە ٣٥٩ لەسێدارەدان لە سەرانسەری ئێراندا، کوردەکان بە ٣٠ کەس و بەلووچەکان بە ٢٨ کەس بەرزترین ئاماری لەسێدارەدانی ئێتنیکییان هەبووە. ٩ کەس لە لەسێدارەدراوەکان ژن و ٤ کەس لە بەرچاوی خەڵکەوە هەڵواسراون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، کوردەکان سەرباری ئەوەی زیاتر لە ۱۰٪ی دانیشتووانی ئێران پێکدەهێنن، ٣٠٪ی کۆی لەسێدارەدانە سیاسییەکان (پێکهاتوو لە ٤٥ کەس لە ١٤٩ کەس) و ۸۲٪ی لەسێدارەدانە ئایینی/عەقیدەتییەکان (پێکهاتوو لە ٢٤ کەس لە ۲۹ کەس) لە سەرانسەری وڵاتیان بەرکەوتووە.
کوردپا لە پەیوەندی لەگەڵ لەسێدارەدانەکان لە ٦ مانگی یەکەمی ٢٠٢٦دا، ئاماری ٣٥٩ کەسی تۆمار کردووە و لە پەیوەندی لەگەڵ زانیارییە ئامارییەکان لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا لەسێدارەدانی ٩ هەزار و ١٤٩ کەسی تۆمار کردووە.