ماڵپەڕی "ئێقتساد ٢٤" بە پشتبەستن بە ئامارە نوێیەکانی ناوەندی ئاماری ئێران سەبارەت بە هەڵاوسانی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٥ ڕایگەیاند، تێچووی سەبەتەی بژێویی بنەماڵەکان تەنیا لە چوار مانگی یەکەمی ساڵدا بە ڕێژەی ٢٥٪ زیادی کردووە.
ئەم بازدانەی نرخەکان لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی خواردەمەنییە سەرەکییەکان، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە گوشاری ئابووری لەسەر چینەکانی خوارەوە و ناوەندی کۆمەڵگە گەیشتووەتە هێڵی سوور و قەیراناوی.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە کۆی ٥٣ کاڵا دەستنیشانکراوەکان، ٤١ کاڵا ڕێژەی هەڵاوسانیان لە ناوەندنی هەڵاوسانی شارەکان (کە ٨٥.٢٪ بووە) تێپەڕاندووە؛ بەجۆرێک کە نرخی برنج، گۆشت و وشکەبار بە ڕێژەیەک بەرز بووەتەوە کە کڕینیان بۆ بەشێکی گەورەی کۆمەڵگە بووەتە ئارەزوو.
ئێقتساد ٢٤ جەخت دەکاتەوە کە کێشەی سەرەکیی ئاڵۆزی ئابووریی ئێران تەنیا پەیوەندیدار نییە بە کێشە داراییەکان و سیستەمی بانکی، بەڵکوو بۆ تەمومژاویبوونی باری ژیۆپۆلیتیکی و مانەوەی وڵات لە دۆخی تاقەتپڕووکێنی "نە شەڕ و نە ئاشتی"دا دەگەڕێتەوە.