کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گۆڕانی جەوهەری شەڕ؛ لە سڕینەوەی ئیسرائیلەوە هەتا شەڕ لەگەڵ عەرەب

10:47 - 18 گەلاوێژ 2726

ڕەحمان سەلیمی

سڕینەوەی ئیسرائیل و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی لە ماوەی پێنج دەیەی ڕابردوودا لە دروشمە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بوون؛ تەنانەت دانانی ڕۆژژمێری فەوتان و بەفەناچوونی ئیسرائیل وەک بەرجەستەبوونی ویستی ڕێبەرانی ڕژێم لە پایتەختی ئێرانیشدا، بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕای گشتیی عەرەبی و ئیسلامیی لەگەڵ سیاسەتە دژەئیسرائیلییەکانی کۆماری ئیسلامیدا هاوڕێ کردبوو. بەکارهێنانی چەمک و دەستەواژەی وەک «تۆوی خراپەکاری»، «گرێی شێرپەنجەیی»، «داگیرکەر» و ... لەلایەن ڕێبەرانی ڕێژیمی ئیسلامی و دەزگاکانی پڕوپاگەندەی ڕێژیمەوە بەڕواڵەت بۆ داکۆکیکردن لە گەلی فەلەستین، پاساودەری سیاسەتە هەرێمی و تەماحکارییە سەربازییەکانی ڕێژیم بوو و جۆرێک لە ڕەوایەتیی ڕێژەییشی لەلایەن خەڵکانی بەشێک لە وڵاتانی ئیسلامیدا پێ بەخشیبوو.
شەڕی ١٢ ڕۆژە و ٤٠ ڕۆژەی نێوان ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا و موشەک‌هاوێشتنی ئێران بەرەو ئیسرائیل، سەرەڕای پەلاماردانی وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە، پشتیوانانی سیاسەتە دژەئیسرائیلییەکەی کۆماری ئیسلامیی بە پێوە هێشتبووەوە و توانای مانۆڕی ئەو دەوڵەتە هەرێمییانەی بە توندی لاواز کردبوو کە کەوتوونەتە ژێر پەلاماری دڕۆن و مووشەکەکانی ئێرانەوە. ڕەنگە خاڵی لاواز و پاشنەئاشیلی سیاسەتی ئەمریکا لە سەردەمی شەڕی ١٢ ڕۆژە و ٤٠ ڕۆژەییەکاندا ڕێک ئەم ئاراستەگرتنەی ڕای گشتیی عەرەبی و ئیسلامی بووبێت لە هاوئازاری و هاوچەشن‌بینین لەگەڵ تەقاندنی مووشەکەکانی ئێران بۆ تەلئەبیب و حەیفا، کە بە جۆرێک لە جۆرەکان سارێژکەری شکستە سەربازییەکانی عەرەب بوو لە شەڕەکانی چەند دەیەی ڕابردوویاندا لەگەڵ ئیسرائیل، و وڵاتانی عەرەبیی سەرەڕای بەردەوامیی پێشێلکاریی سەروەرییان لەلایەن ئێرانەوە لە گوشار و تەنگژەی ڕووبەڕووبوونەوەی جددی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا هێشتبۆوە.
بەڵام دیارە دۆخەکە بە جارێک لە گۆڕاندایە و دوژمنە سەرەکییەکە لە ئیسرائیلەوە دەبێتە وڵاتانی عەرەبی؛ ئیتر ئەمە کۆماری ئیسلامییە کە دوژمنی سەرەکیی عەرەبە و هیچ هەواڵێک لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ئێران و ئیسرائیل نییە. ڕێک لەم خاڵەدایە کە سیاسەتەکانی دژی زایۆنیستی، ئازادکردنی قودس و لەنێوبردنی ئیسرائیل بزر دەبن و، لە لایەک دەستی دەوڵەتە عەرەبییەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامیدا کراوەتر دەکات و، لە لایەکی دیکەشەوە جووڵە و حەماسەتی نەتەوەیی عەرەبی دژی ڕێژیمی دەسەڵاتداری ئێران بەئاگا دەهێنێتەوە.
ئەم گۆڕانی جەوهەرەی جەنگ، لە شەڕی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ شەڕی ئێران و عەرەب، گەورەترین ئاڵنگارییە کە بڕیاردەرانی تارانی نیگەران کردووە. دەستوەردانی ڕاستەوخۆ و ڕاگەیەندراوی عەرەبستانی سعوودیە لە بۆردومانکردنی بنکەکانی هێزە بەستراوەکانی ئێران لە عێراق، ئامانجگرتنی ڕیاز لەلایەن حووسییەکانەوە، و هەڵوێست‌وەرگرتنی ڕوونتر و ئاشکراتری وڵاتانی پەراوێزی کەنداو دژ بە پەلامارە دڕۆنی و مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ژێرخانەکانیان، خاڵی وەرچەرخانی ئەم گۆڕانی جەوهەرەیە.
گۆڕانی ئاراستەی وڵاتانی عەرەبی لە خولی نوێی شەڕدا بە تەواوی دیار و بەرچاوە؛ لە ڕەوتی شەڕەکانی پێشوو و پێش ئیمزاکردنی لێکتێگەیشتنی ئێران و ئەمریکا، تەواوی هەوڵی ئەم وڵاتانە هاوکاریی ڕەوتە دیپلۆماسییەکان و چارەسەرکردنی ململانێی بەردەوام بوو لە ڕێگەی گفتوگۆوە، لە کاتێکدا ئێستا و دوای وەلانان و بەپەراوێزخستنی ڕۆڵی ئیسرائیل و گۆڕانی سەپێندراوی شەڕ بەرەو شەڕی ئێران و عەرەب، چەنەدان و دانوستانەکانی ئەم وڵاتانە لە ئاراستەی چارەسەری دیپلۆماسیی ململانێکاندا دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. ئەمەش گەورەترین مەترسییە کە کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی بووەتەوە و بەدوور نازانرێت تەنانەت کاریگەریی لەسەر هەڵوێستی وڵاتانی وەک میسر و پاکستان لە بەردەوامیی ئەم شەڕەشدا هەبێت.
کۆماری ئیسلامی کە لە سەرەتای شەڕدا بە پەلکێشکردنی جەنگەکە بۆ وڵاتانی ناوچەکە و داخستنی گەرووی هورمز تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بوو لە پاشەکشەپێکردن بە ئەمریکا و هێورکردنەوەی سیاسەتەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا، ئێستا بە لاوەنانی ئیسرائیل لە ململانێکە و کەمبوونەوەی دەنگدانەوەی ڕاگەیاندنیی دژەئیسرائیلیی ئێران، ڕووبەڕووی قەیرانی ڕەوایەتیی ئیدیعاکانی خۆی بووەتەوە. ئیتر نە تەنیا ناتوانێت بە قەناعەتپێکردنی گرووپە نیابەتییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا لە سیاسەتەکانی بەردەوام بێت، بەڵکوو لە نێوخۆی ئێران و لەنێو لایەنگرە سەرسەختەکانیشییدا تووشی بۆشایییەکی گوتاریی وێرانکەر بووەتەوە.
بەردەوامیی ئەم ڕەوتە و گۆڕانی بۆ شەڕێکی پووکێنەر بە پێچەوانەی ئەوەی وێنا دەکرا کە مەزنی و باڵادەستی بداتە کۆماری ئیسلامی لەم شەڕەدا و ئەمریکا ناچار بە پاشەکشە بکات، تێچووە سیاسی و سەربازییەکانی جەنگەکە لە نێوان شەریکە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانی ئەمریکادا دابەش دەکات و لە پەستانە نێوخۆییەکانی سەر دەوڵەتی تڕەمپ کەم دەکاتەوە.
نەهاتنەنێوەوەی ئیسرائیل لەم خولەی دواییی جەنگدا دەبێت لە ڕاستای ڕێک ئەم ڕوانگەیەدا شی بکرێتەوە؛ ڕوانگەیەک کە پێدەچێت بە هەماهەنگیی هەردوو وڵات -ئەمریکا و ئیسرائیل- و بە ئامانجی قووڵکردنەوەی ناکۆکی لە پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئێران و عەرەبدا بڕیاری لەسەر درابێت.