کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تورکیە لە هەوڵی فراوانکردنی هاوپەیمانیی بەرگریی مەککە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە؛ میسر بژاردەی داهاتوویە

10:46 - 18 گەلاوێژ 2726

بەپێی ڕاپۆرتی فاکس نیوز، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیە، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە میسر ڕەنگە لە قۆناغی داهاتوودا پەیوەندی بە هاوپەیمانیی بەرگریی هاوبەشی نێوان عەرەبستانی سعوودی، تورکیە و پاکستانەوە بکات؛ هاوپەیمانییەک کە ئەو سێ وڵاتە هەوڵی فراوانکردنی بۆ وڵاتانی تری ناوچەکە دەدەن.

هاکان فیدان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئەنادۆڵ، ڕایگەیاند کە لەسەر ئەو بڕوایەیە کە لە کۆتاییدا میسر دەچێتە ناو هاوپەیمانیی بەرگریی مەککەوە.

وەزیری دەرەوەی تورکیە ئەم هاوپەیمانییەی لە ڕووی تەکنیكییەوە بە هاوتای ماددەی ٥ی ناتۆ لە بواری بەرگریی بەکۆمەڵ وەسف کرد و وتی کە لەم هاوپەیمانییەدا، هیچ وڵاتێکی دیاریکراو وەک هەڕەشەیەکی هاوبەش دیاری نەکراوە.

فیدان ڕایگەیاند ئەو وڵاتانەی هێرش نەکەنە سەر ئەندامانی ئەم هاوپەیمانییە، نابنە ئامانج.

بە وتەی فیدان، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیە هەوڵ دەدات ئەم هاوپەیمانییە لە سێ وڵاتی دامەزرێنەرەکەوە فراوانتر بکات و ئەگەری هەیە وڵاتانی تری ناوچەکەش بهێنێتە نێو ئەو هاوپەیمانییەوە.

فیدان هەروەها ڕایگەیاند کە وڵاتانی ئەندامی ئەم ڕێککەوتنە مانۆڕی سەربازی ئەنجام دەدەن و بەرنامەی ڕاهێنانی هاوبەش جێبەجێ دەکەن بۆ ئەوەی توانای خۆیان بۆ هاوکاری و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش نیشان بدەن.