هەواڵدەریی هێرانا، ڕایگەیاند کە لانیکەم ١٥٩ کەس لە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد بەند کراون.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، هەندێک لەم کەسانە سزای قورسی لە ٧ تا ١٥ ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێنراوە و نزیکەی ٥٠ کەسیشیان بەبێ هیچ سزایەکی دیاریکراو و بە ناڕوونی لە چاوەڕوانیدا ماونەتەوە.
ئەم بەندکراوانە کە بەشێکی زۆریان لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا دەسبەسەر کراون، لە بەشە جیاوازەکانی بەندیخانە و بەتایبەتی لە بەندەکانی کاتی و تاکەکەسیدا ڕاگیراون.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چەندین لاوی تەمەن ١٨ و ١٩ ساڵان لەنێو سزادراوە قورسەکاندان و دادوەرەکانی ڕێژیم بە شێوازێکی زۆر توند مامەڵەیان لەگەڵ دۆسییەکانیان کردووە.
هەروەها بڵاو کراوەتەوە کە زۆربەی ئەم زیندانییانە لە مافی سەرەتایی وەک پەیوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون، ئەمەش زانیاریوەرگرتن لەسەر ڕەوشی یاسایی و تەندروستی ئەو بەندکراوانەی دژوار کردووە.