کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یاسادانەرێکی ئەمریکا: پەیمانی مەککە نیشانەی گۆشەگیربوونی کۆماری ئیسلامییە

11:25 - 18 گەلاوێژ 2726

جۆ ویلسۆن، یاسادانەری کۆماریخوازی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە گەرمی پێشوازی لە ڕێککەوتننامەی بەرگریی هاوبەشی نێوان عەرەبستان، تورکیە و پاکستان کرد و بە "پەیمانی مەککە" ناوی برد.

ویلسۆن ڕایگەیاند کە ئەم ڕێککەوتنە دەستکەوتێکی دیکەی سەرۆککۆماریی ئەمریکا لەپێناو بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە فراوانبوونی هاوکارییە ناوچەییەکان، ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە سووریە و بەردەوامی دانوستانەکانی لوبنان و ئیسرائیل بۆ داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا، بەڵگەی ڕوونن لەسەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر گۆشەگیر دەبێت و پەراوێز دەکەوێت.

ئەم نوێنەرەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە گۆڕانکارییە ناوچەییەکان دەرگا بۆ ئاڵوگۆڕی سیاسی لە نێوخۆی ئێران دەکەنەوە تا خەڵکی ئەو وڵاتە بتوانن حکوومەتێکی نوێ و شایستە بە مێژووی دەوڵەمەندیان بێننە ئاراوە.

شایانی باسە ئەم پەیمانە ئەمنییەتییە سێ قۆڵییە بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی هەر جۆرە دەستدرێژییەک واژۆ کراوە و بەپێی بەندەکانی، هەموو هێرشێک بۆ سەر هەر یەکێک لەم سێ وڵاتە، وەک هێرش بۆ سەر تەواوی هاوپەیمانییەکە هەژمار دەکرێت.