جەیدی ڤانس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیوز" ڕایگەیاند کە واشنگتۆن لە "نێوەڕاستی یارییەکەدا"یە بۆ چارەسەرکردنی ڕەوشی شەڕ لەگەڵ ئێران.
ڤانس جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکییان لە دانوستانەکان لەگەڵ تاران، گەرەنتیکردنی بەرزترین ئاستی هەناردەکردنی نەوت و گازە لە گەرووی هۆرمۆزەوە بۆ دابەزاندنی نرخی وزە لە جیهان و ئەمریکادا.
جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە بەرنامەی ئەتۆمی، سپای باو و توانای سەربازیی ناوێکچووی ئێران پەکخراون، بەڵام بۆ پەیوەندییەکی درێژخایەن پێویستە تاران گۆڕانکاریی بنەڕەتی بێنێتە ئاراوە.
ناوبراو وتی: "ئەگەر ئێران ئامادەی گۆڕانکاری نەبێت، ئێمە لەسەر سەپاندنی گوشارە دیپلۆماسی، ئابووری و سەربازییەکان بەردەوام دەبین."
ڤانس باسی لەوەش کرد کە بەرپرسانی ئێران نەبوونی پلان بۆ وەرگرتنی باج یان ئەستەمکردنی هاتوچۆیان ڕاگەیاندووە، بەڵام ئەمریکا بەبێ سەلماندن و دڵنیابوونەوە بڕوا بەم قسانە ناکات.
ڤانس هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەکان بۆ هەڵگرتنەوەی مین لە گەرووی هۆرمۆز و دروستکردنی ڕێڕەوێکی ئارام بۆ کەشتییەکان کرد و جەختی کردەوە کە پێویستە ئێران بە فەرمی بەڵێن بدات پەلاماری کەشتییە بازرگانییەکان نادات.