کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی هەڵاوسان لە کوردستان گەیشتووەتە قۆناغی مەترسیدار

14:04 - 10 گەلاوێژ 2726

تازەترین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران سەبارەت بە هەڵاوسانی مانگی پووشپەڕی ۱۴۰۵ دەریخستووە کە نادادپەروەرییەکی قووڵ لە دابەشبوونی هەڵاوساندا هەیە.

لە کاتێکدا ناوەندی هەڵاوسانی خاڵبەخاڵی گشت ئێران ۸۷.۹ لەسەد تۆمار کراوە، ئەم نرخە لە ۸ پارێزگادا بووەتە سێ ژمارەیی.

پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرووی قەیرانەکەن؛ ئیلام بە ۱۱۲.۴ لەسەد بەرزترین هەڵاوسانی خاڵبەخاڵ و بە ۸۰.۶ لەسەد بەرزترین هەڵاوسانی ساڵانەی لە تەواوی ئێراندا تۆمار کردووە.

هاوکات جیاوازیی هەڵاوسانی ئیلام لەگەڵ تاران (۷۳.۹ لەسەد) گەیشتووەتە ۳۸.۵ لەسەد، کە جیاوازیی قووڵ لەنێوان پارێزگاکانی کوردستان و ناوەند نیشان دەدات.

دوای ئیلام، پارێزگاکانی سنە بە ۱٠۸.۴ لەسەد، ورمێ بە ۱۰۶.۴ لەسەد و کرماشان بە ۱۰۴.۱ لەسەد لە ڕیزی یەکەمی ئەو پارێزگایانەن کە هەڵاوسانیان ۱۰۰ لەسەدی تێپەڕاندووە.

قورسترین گوشار لەسەر سەبەتەی خۆراکە و هەڵاوسانی خاڵبەخاڵی خۆراک لە تەواوی ۳۱ پارێزگاکەی ئێراندا سەرووی ۱۰۰ لەسەد بووە.

ورمێ بە ۱۴۹.۹ لەسەد ڕێکۆردداری گرانیی خۆراکە لە ئێراندا و بەدوای ئەویشدا ئیلام بە ۱۴۷.۸ لەسەد، سنە بە ۱۴۴.۱ لەسەد و کرماشان بە ۱۴۱.۶ لەسەد لە پلەکانی دواتردان.

ئەم ئامارە نیشانی دەدات کە پارێزگاکانی کوردستان، لە سایەی بێبەشبوون لە ژێرخانی ئابووری و پشتگوێخرانی سیستماتیک لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، ڕووبەڕووی قووڵترین شەپۆلی هەژاری و گوشاری بژێوی بوونەتەوە.