کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزای لەسێدارەدانی یەكێکی دیکە لە دەسبەسەرکراوانی مانگی بەفرانبار لە دیوانی باڵای ڕێژیم پشتڕاست کرایەوە

08:41 - 19 گەلاوێژ 2726

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی هێرانا، سزای لەسێدارەدانی ڕەسووڵ ڕەزایی، هاووڵاتیی خەڵکی فەریمان سەر پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤، لەلایەن دیوانی باڵای ڕێژیمەوە پشتڕاست کرایەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی هێرانا، ئەم بەندکراوە سیاسییە کە لە بەندیخانەی وکیل ئا‌بادی مەشهەددا دەسبەسەرە، پێشتر لەلایەن بەناو دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەو شارە، بە تۆمەتی «موحاربە» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو.

پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە سیاسییە، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ئەگەری جێبەجێکردنی خێرای ئەو سزایە و چارەنووسی دەسبەسەرکراوانی تری سزادراو بە سێدارە زیاد کردووە.

ڕەسووڵ ڕەزایی، تەمەن ٢٨ ساڵ، خەڵکی فەریمان و باوکی دوو منداڵی ٢ و ٥ ساڵانە، پێش دەسبەسەرکرانی، بۆ پەیداکردنی بژێویی ژیان، خەریکی کاری دەسفرۆشی بووە.

هەروەها بەناو دادگای ئینقلابی ڕێژیم سزای لەسێدارەدانی بەسەر هاونیشتمانییەکی کوردی خەڵکی ئیلام بە ناوی مێهدی ڕەوشەنی یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباردا سەپاند.

لە ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەتی دوای ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ و شەڕەکانی ١٢ و ٤٠ ڕۆژە، ڕەوتی دەرکردن، پەسەندکردن و جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان دژی بەندکراوانی سیاسی لە ئێراندا خێراتر بووەتەوە.

هەروەها ڤۆڵکێر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ١٤ی گەلاوێژدا ڕایگەیاند کە لە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ـەوە هەتا ئێستا لانیکەم ٥٦ بەندکراوی سیاسی لە ئێران لە سێدارە دراون کە دۆسییەی ٢٧ کەسیان پەیوەندیی بە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبارەوە هەیە و زیاتر لە ١٠٠ کەسی تریش مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.