ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی گەلاوێژ، خانەنشینکراوان جارێکی تر لە ناڕەزایەتی بە دۆخ و بژێویی ژیان و جێبەجێنەکرانی داواکارییەکانیان، لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
خانەنشینانی ناڕازای لە شارەکانی کرماشان و شووش سەر بە پارێزگای خووزستان لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانەدا، لە دژی شەڕفرۆشییەکانی ڕێژیم و بۆ پشتگیری لە زیندانیانیی سیاسی و مەدەنی، دروشمیان دا.
خانەنشینکراوان لە کرماشان دروشمگەلی وەک: «شەڕ و دانوستان بیانووە، ژیانی ئێمە نیشانەیە»یان بەرز کردەوە و هەروەها خانەنشینان لە شووش دروشمیان دا: «ئێمە ئیتر شەڕمان ناوێت، وەعدەی سادقمان ناوێت».
هەروەها لەو ڤیدیۆیانەدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرماشان بڵاو کراوەتەوە، خانەنشینکراوان پشتگیریی خۆیان بۆ زیندانییانیی سیاسی و مەدەنی دەربڕی و داوای ئازادکردنی خێرایان کردووە.
خانەنشینکراوان لە ساڵانی ڕابردوودا، بەتایبەت لە ڕۆژانی یەکشەممەدا لە شارە جیاوازەکانی ئێران، لە ناڕەزایەتی بە هەڵاوسان و پشتگوێخستنی داواکارییەکانیان گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاو و هێمنانەیان بەڕێوە بردووە.