دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" ڕایگەیاند کە لەم قۆناغەدا زیاتر پێ باشترە گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاد بکرێن، نەک دەست بە خولێکی نوێی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەربڵاو بکرێتەوە.
ترامپ ڕەوشی ئابووریی ئێرانی بە زۆر خراپ وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا کە تاران تەنانەت بۆ پێدانی مووچەی هێزەکانیشی تووشی ئاستەنگ بووەتەوە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی کردەوە کە گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا قەیرانە ئابوورییەکانی ئێرانی قووڵتر کردووەتەوە و وتی: "ئێمە تەنیا لە ڕێگەی هەڵاوسانی گەورە و نەبوونی داراییەوە چاوەدێریی ئێران دەکەین."
ئەم لێدوانانەی ترامپ لە کاتێکدا دێن کە ڕێککەوتنی سێ قۆڵیی نێوان ئەمریکا، عومان و ئێران بۆ ڕێکخستنی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆزدا هێشتا نەکراوە، بەهۆی ئەوەی تاران مەرجی نوێی خستووەتە ڕوو.
لەلایەکی دیکەوە، ئاکسیۆس لە سەرچاوە ئەمریکاییەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە کە ناکۆکیی نێوخۆیی لە نێوان باڵەکانی دەسەڵات لە ئێراندا لە هەڵکشاندایە؛ باڵێک بە سەرۆکایەتیی مەسعوود پزیشکیان نیگەرانی داڕمانی ئابوورییە و خوازیاری ڕێککەوتنە، لە کاتێکدا باڵێکی دیکە بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سپای تێرۆریستیی پاسداران، دژی بەخشینی هەر جۆرە ئێمتیازێکە.