کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شرۆڤەکارێکی ئەمریکایی: گەمارۆدانی دەریایی ئێران کاریگەرترین ئامرازی دیپلۆماسیی ئەمریکایە

09:34 - 19 گەلاوێژ 2726

شرۆڤەکارێکی ئەمنییەتی نیشتمانیی ئەمریکا ڕایگەیاند کە گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە تاکو ئێستا کاریگەرترین ئامرازی دیپلۆماسی لەم ململانێیەدا بۆ خستنەژێر گوشاری تاران بووە.

ڕێبێکا گرانت، شرۆڤەکاری ئەمنییەتی نیشتمانیی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "فاکس نیوز" وتی: "هێزی دەریایی ئەمریکا و تەواوی هێزە هاوبەشەکان کۆنتڕۆڵی ناوچەکەیان لەدەستدایە. ئەم گەمارۆیەی سەرلەنوێ سەپێنراوەتەوە، ئێرانی تووشی گوشارێکی زۆر کردووە و ئەمە بە ڕوونی لە لیستەی داواکارییە ناڕەوا و قەبووڵنەکراوەکانی تاراندا دەردەکەوێت."

گرانت ئاماژەی بەوە دا کە جێگیرکردنی دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگر، کەشتیی "یوو ئێس ئێس بەکسێر" و هێزە ئاسمانییە دەریایییەکان ئەو گوشارەیە کە هاوکێشەکە دەگۆڕێت.

ناوبراو زیادی کرد: "گومان لەوەدا نییە کە پێویستە بژارەی سەربازی ئامادە بێت، بەڵام حەفتەکانی ڕابردوو دەریانخست کە ئێران ناتوانێت بەرگەی ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوت بگرێت. وێستگەی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوت لە دوورگەی خارک کە ٩٠٪ی نەوتی ئێرانی لێوە بار دەکرێت، لە ئێستادا بە تەواوەتی پەکی کەوتووە."

ئەم هەڵسەنگاندنە لە کاتێکدایە کە جەی‌دی ڤانس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا جەختی کردەوە واشنگتۆن لە بەکارهێنانی سەرجەم ئامرازە دیپلۆماسی، ئابووری و سەربازییەکان بەردەوام دەبێت تاکوو باشترین ئەنجام بۆ خەڵکی ئەمریکا بەدەست بێنێت.