کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل پێشنیاری دەستەی ئاشتی بۆ غەززەی ڕەت کردەوە؛ تا حەماس چەک نەکرێت پاشەکشە ناکەین

09:47 - 19 گەلاوێژ 2726

بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی پێشنیازە ١٥ خاڵییەکەی دەستەی ئاشتی لەمەڕ غەززە ڕەت دەکاتەوە و جەختی کردەوە تا ئەو کاتەی گرووپی حەماس بە تەواوەتی چەکەکانی ڕادەست نەکات، هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە پاشەکشە ناکەن.

نێتانیاهوو لە کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەتەکەی دا وتی: "ئیسرائیل ڕەشنووسە ١٥ خاڵییەکەی دەستەی ئاشتی ڕەت دەکاتەوە. ئەرتەشی ئیسرائیل هیچ جۆرە پاشەکشەیەک ناکات تا ئەو کاتەی حەماس بە کردەیی چەک نەکرێت."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لەسەر چەککردنی حەماس بەردەوامە، بەڵام جەختی کردەوە کە هەر جۆرە ڕێککەوتنێک دەبێت ببێتە هۆی ڕادەستکردنی تەواوی کۆگاکانی چەکی ئەو گرووپە، چ چەکی قورس بێت یان سووک."

لە بەرانبەردا، باسم نەعیم، یەکێک لە بەرپرسانی باڵای حەماس، بە هەواڵدەریی "ڕۆیترز"ی ڕاگەیاند کە حەماس هێشتا پێبەندە بەو نەخشەڕێگەیەی ۱۰ ڕۆژ پێش ئێستا لەگەڵ نێوبژیوانان و نوێنەرانی دەستەی ئاشتی کە لە قاهیرە لەسەری ڕێککەوتوون.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە حەماس چاوەڕوانە نێوبژیوانان و ئەمریکا گوشار بخەنە سەر نێتانیاهوو تا پێبەندی نەخشەڕێگەکە بێت.