مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی یەکشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ "فاکس نیوز" ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وەزیری دارایی ئەمریکا (ئاسەواری ئابووری) زیاتر دەترسێت تا وەزیری بەرگری (مەترسیی سەربازی).
واڵتز ئاماژەی بەوە کرد کاتێک نوێنەرانی ئێران دێنە سەر میزی دانوستان، تەنیا داوای دابینکردنی پارە و ئازادکردنی سەرمایە بلۆککراوەکانیان دەکەن، چونکە بە وتەی ئەو، ڕێژیمی تاران ئامادەیە بەرگەی بۆردومانەکان بگرێت بەڵام ناتوانێت بەرگەی داڕمانی ئابووری بگرێت.
ناوبراو وتی: "ئەمە گوشارە ئابوورییەکان و گەمارۆ دەریاییەکانە کە لە کۆتاییدا ئێرانییەکان ناچار بە پاشەکشە دەکات."
واڵتز جەختی کردەوە ئەوان نە گرنگی بە ئەرتەشەکەیان دەدەن، نە بە سەربازەکانیان و نە تەنانەت بە خەڵکی ئێران، دوای ئەوەی ٤٠ هەزار کەس لەوانیان کۆمەڵکوژ کرد. ئەمە ڕێژیمێکی گەندەڵ و دەمارگرژی ئاینییە کە دەیان ساڵە ئەو وڵاتەی وێران کردووە.
هاوكات دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکاش جەختی لەسەر بەردەوامیی گوشارە ئابوورییەکان کردەوە و ڕایگەیاند کە تاران لە ئێستادا رووبەڕووی هەڵاوسانی گەورە و نەبوونی دارایی بووەتەوە.
هەروەها بەرپرسێکی ئەمریکا بە ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی ڕاگەیاندووە کاتێک هێرشە سەربازییەکان ڕادەوەستن، تاران ناچار دەبێت ڕووبەڕووی ڕاستییە سەختە ئابوورییەکانی ببێتەوە کە هیچ چارەسەرێکی ئاسانی بۆ نییە.