کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هەوڵی تێرۆرستیی حوسییەکان دژی خەڵکی ئاسایی لە یەمەن

10:16 - 19 گەلاوێژ 2726

هێزە چەکدارەکانی یەمەن ڕایانگەیاند کە بەهۆی هێرشی تێرۆریستیی ڕۆژی یەکشەممەی میلیشیا حوسییەکان بۆ سەر بەندەری ئەلمەخا و ناوچە مەدەنی و سەربازییەکان لەم شارە کەناراوییەدا، لانیکەم ٧ کەس کوژران و ٣٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

ماجید عەبدوڵڵا نەزیلی، وتەبێژی فەرمیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن، ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی گەلاوێژ لە ڕاگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس» بڵاوی کردەوە، کە حوسییەکان بە بەکارهێنانی مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر شاری «ئەلمەخا».

 بە وتەی ئەو بەرپرسە سەربازییەی حکوومەتی یاسایی یەمەن، هێرشەکە ناوچە مەدەنییەکان و دامەزراوە هەستیارەکان لەوانە شوێنی نیشتەجێبوونی کارمەندان، ناوەند و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، هەروەها بنکەی سەربازییەکانی کردووەتە ئامانج.

نەزیلی هەروەها ڕوونی کردەوە کە لەم هێرشەدا ٤ کەس لە هێزە چەکدارەکان و سێ هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و ١٣ هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون.

ناوبراو باسی لەوەش کرد کە هێزە چەکدارەکانی یەمەن توانیویانە بەرگری بکەن و ١١ دڕۆنی ئەو گرووپە تێرۆریستییە تێکبشکێنن.

نەزیلی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هێرشە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە.

پێشتریش هاوپەیمانیی سەربازیی وڵاتانی عەرەبی بە سەرکردایەتیی عەرەبستانی سعوودی لەبارەی بەئامانجگرتنی خەڵکی ئاسایی لەلایەن حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە ڕایگەیاند کە "۱۱ هاووڵاتیی مەدەنی بەهۆی هێرشی حوسییەکانەوە کوژراون یان بریندار بوون.