کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە ڕۆژنامەی کەیهان هەڕەشەی لە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی بەرگریی مەککە کرد

10:18 - 19 گەلاوێژ 2726

لە درێژەی کاردانەوەکانی بەرپرسانی ڕێژیم سەبارەت بە هاوپەیمانیی بەرگریی مەککە لەنێوان وڵاتانی تورکیە، عەرەبستان و پاکستان، ڕۆژنامەی کەیهان هەڕەشەی لەو هاوپەیمانییە کرد و نووسیویەتی: "هەر جووڵەیەک لە دژی بەرەی مقاومەت، بە وڵامێکی یەکلاکەرەوەی لێبڕاوانەی کۆماری ئیسلامی رووبەڕوو دەبێتەوە".

ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی گەلاوێژ، ڕۆژنامەی کەیهان کە لەژێر چاوەدێریی نوێنەری ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بڵاو دەکرێتەوە، لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر بەو هاوپەیمانییە نووسیویەتی: "ئەگەر ئەم ڕێککەوتننامەیە ببێتە بیانوویەک بۆ سەرکێشی دژی ئەنساروڵڵای یەمەن یان هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی بەرەی مقاومەت، وڵامی کۆماری ئیسلامی نەک لە ڕاگەیەندراوی دیپلۆماسی، بەڵکوو لە مەیداندا دەدرێتەوە".

کەیهان لە نووسینێکی زبر و هەڕەشەئامێزدا نووسیویەتی: "کۆماری ئیسلامی هەمووکات هۆشداریی بە دراوسێکانی داوە کە لە ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوو درس وەربگرن و ئاسایشی خۆیان بە یارییە ڕواڵەتییەکان و هاوپەیمانییە پووچەڵەکان کە لایەنی سەرەکییان ئەمریکایە، گرێ نەدەن".

پێشتریش حوسێن شەریعەتمەداری، بەرپرسی ڕۆژنامەی کەیهان، لە کاردانەوە بە پەیماننامەی بەرگریی مەککە، وڵاتانی پاکستان، تورکیە و عەرەبستانی سعوودیی بە وڵاتی «بەناو موسڵمان» وەسف کرد.

هەروەها ئیبراهیم ڕەزایی، ئەندامی کومیسیۆنی ئەمنییەتی میللی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی ڕێژیم، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی لە وڵاتی عەرەبستان کرد.

عەرەبستانی سعوودی، پاکستان و تورکیە ڕۆژی هەینی ١٦ی گەلاوێژ هاوپەیمانییەکی هاوبەشی بەرگرییان لە مەککە واژۆ کرد و لەسەر بنەمای ئەو هاوپەیمانییە، هێرشی چەکداری بۆ سەر هەر یەکێک لەو سێ وڵاتە، بە هێرش بۆ سەر هەرسێکیان بە ئەژمار دەکرێت.

لە دوای واژۆکردنی ئەو هاوپەیمانییە ڕێژیمی تاران ترسی لێنیشتووە چونکە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، دەیان جار هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی کردە سەر وڵاتانی ناوچەکە لەوانەش عەرەبستان کە ئێستا ئەندامی هاوپەیمانیی بەرگریی مەککەیە و ئەوەش تەریککەوتنەوەی زیاتر و مەترسییەکان لە دژی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی زیاد کردووە.