ستادی گشتیی ئەرتەشی کوەیت ڕایگەیاند کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەم وڵاتە بەرەنگاری چەند "دڕۆنی دوژمنکارانە"ی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوونەوەتەوە و تێکیان شکاندووە.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، ١٠ی گەلاوێژ، ستادی گشتیی ئەرتەشی کوەیت ڕایگەیاند سیستەمی دژەئاسمانیی وڵاتەکەی چەندین دڕۆنی ڕێژیمی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە.
ئەرتەشی کوەیت باسی لە زیانە گیانی و مادییەکانی ئەو هێرشە نەکردووە.
شایانی باسە لە ڕۆژی ڕابردوودا وەزارەتی بەرگریی کوەیت ڕایگەیاند کە هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە بەرپەرچی چەندین هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی ڕێژیمی ئیرانیان داوەتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوەیت ئەو هێرشانەی بە بەشێک لە "دەستدرێژیکارانەی بەردەوامی ئێران" ناو برد و ڕایگەیاند: "لەو هێرشانەدا چەندین دامەزراوەی گرنگی پێوەندیدار بە ژیانی خەڵک و سەربازی بە ئامانج گیراون".
سپای تێرۆریستیی پاسداران سەرلەبەیانیی دوێنێ هەینی ٩ی گەلاوێژ هێرشی دڕۆنی بۆ سەر بنکەی ئەحمەد ئەلجابر لە کوەیتی ڕاگەیاند.
سپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە بنکەی فڕۆکەی شەڕکەر، سیستەمی پەیوەندیی ماهوارەیی و کۆگاکانی چەکوچۆڵ ئەرتەشی ئەمریکا لە بنکەی "ئەحمەد ئەلجابر"ی کوەیتی بە درۆن کردە ئامانج.
لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا دەیان جار ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە هێرشە دڕۆنی و مووشەکییەکانی، سەروەریی خاکی کوەیتی پێشێل کردووە و سنوورە ئاسمانییەکەی بەزاندووە.