بەپێی زانیاریی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، لە دوای تێپەڕبوونی چەند حەفتە لە دەسبەسەرکرانی کەژاڵ موبارەکی و جەماڵ ئەحمەدزادە لە توێژەرانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ورمێ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو و ئاژانسی هەواڵدەریی هێرانا، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک مانگ و نیو لە دەسبەسەرکرانی، کەژاڵ موبارەکی تەمەن ۴۰ ساڵان، خەڵکی دێولان و هاوژینەکەی بە ناوی جەماڵ ئەحمەدزادە خەڵکی مەهاباد، لە توێژەرانی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ورمێ، هێشتا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە بەبێ هۆکار دەسبەسەرن و دۆسییەکەیان نادیارە.
ئەم دوو توێژەرە لە سەرەتای مانگی پووشپەڕەوە، بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لەنێو ماشینەکەیان لە ورمێ و لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و بۆ گرتنگەی بەناو ئەمنییتییەکانی ئەو شارە گوازراونەوە.
ئەو دوو هاونیشتمانییە لە ماوەی دەسبەسەرکانیاندا لە مافی دەستپێراگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە، کەژاڵ موبارەکی و جەماڵ ئەحمەدزادە لەو ماوەیەدا لەژێر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی چڕدا بوون.
هەتا بڵاوبووەنەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر تۆمەتی وەپاڵدراوی ئەم دوو هاونیشتمانییە لەبەر دەستدا نییە.