بەپێی ڕاپۆرتێکی "گۆڵف نیوز"، کەشتییەکی بازرگانی لە ئاوەکانی دەریای عومان و لە نزیک گەرووی هۆرمۆز کەوتووەتە بەر هێرشێکی مووشەکی.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو میدیایە، مووشەکەکان لە ناوچەی سیریک لە باشووری ئێرانەوە ئاراستەی کەشتییەکە کراون. هاوکات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لەناو شناوەرەکەدا لە کاتی شەودا بڵاو بووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، هەواڵدەریی "تەسنیم"ی سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران ڕایگەیاند کە ئاگر لە کەشتییەک لە کەناراوەکانی عومان و لە نزیک ناوچەی "کەمزار" لە نیمچەدوورگەی "موسەندەم" لە دەروازەی گەرووی هۆرمۆز کەوتووەتەوە.
گۆڵف نیوز ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەپێی هەندێک سەرچاوە، ئەو نەوتهەڵگرە بە چەندین مووشەک پێکراوە، بەڵام جەختی کردووەتەوە تا ئێستا ئەم هەواڵە لەلایەن ڕێکخراوی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی بریتانیا (UKMTO) یان فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.
ئەم هێرشانە نیشانەی ئاشکرای پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر ئەمنییەتی دەریایین؛ تاران لە دەستپێکی شەڕەوە بە بەئامانجگرتنی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، سەقامگیری و ئابووریی جیهانی خستووەتە مەترسیی جیددییەوە.