کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داڕمانی ئابووریی پارێزگای سنە؛ ٩٥٪ی یەکە پیشەییەکان لە لێواری لەنێوچووندان

12:20 - 19 گەلاوێژ 2726

قەیرانی بژێوی و سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئابووریی پارێزگای سنەی خستووەتە لێواری داڕمانی تەواوەوە.

بەپێی دانپێدانانی بەرپرسانی ڕێژیم، نزیکەی ٩٥٪ی یەکە پیشەییەکانی پارێزگای سنە لە بەرانبەر هەڵاوسان و پشتیوانینەکردنی حکوومەتدا لە بەرەبەری لەنێوچووندان.

شەهاب ناسری، جێگری بەرپرسی ژووری بازاڕییانی ئێران و بەرپرسی ژووری بازاڕییانی سنە ڕایگەیاند کە بانکەکان ڕەتیدەکەنەوە هاوکاری یان وام بە کاسبکاران بدەن.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە باری دارایی کاسبکاران بەشێوەیەکی کەموێنە وێران بووە؛ هەروەها پچڕانی بەردەوامی کارەبا لەلایەن حکوومەتەوە زیانی قورسی ماددیی بە خاوەنکارەکان گەیاندووە و کەرەستەی خاوی بازاڕەکانی فەوتاندووە.

لەلایەکی دیکەوە، ناسری باسی لە ئامادەیی بۆ گواستنەوەی دوو هەزار یەکەی پیشەسازی لە ناو شاری سنەوە بۆ دەرەوەی شار کردەوە؛ پرۆژەیەک کە بەهۆی کەمتەرخەمیی دەسەڵاتداران لە تەرخانکردنی زەویی گونجاو و دابیننەکردنی ژێرخانی پێویست، پەکی کەوتووە و تا ئێستا قەرەباڵغیی هاتوچۆ و کێشەی کاسبکاران چارەسەر نەکراوە.

ئەم ڕەوشە کارەساتبارە لەکاتێکدایە کە بەهۆی نەبوونی پلان و گەندەڵیی سیستماتیکی ڕێژیمەوە، هەڵاوسان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، توانای کڕینی هاوڵاتییان بە تەواوی دابەزیوە و دەسەڵاتدارانی ڕێژیم لەجیاتی پشتیوانیکردنی کاسبکاران، تەنیا بە ستاندنی باج و بڕینی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە پەکخستنی ئابووریی ناوچەکە بەردەوامن.