قەیرانی گرانبوونی بژێوی و دابەزینی بەرچاوی توانای کڕین، چین و توێژەکانی کرێکارانی لە ئێراندا خستووەتە ژێر گوشارێکی دارایی مەترسیدارەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئیلنا"، کورتهێنانی بەرچاوی بڕی مووچە لە بەرانبەر هەڵاوسانی لەڕادەبەدەردا، کرێکارانی ناچار کردووە تەنانەت بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خواردن، میوە و خەرجییەکانی دەرمان پەنا ببەنە بەر سیستەمی کڕینی بەقست لە ڕێگەی بەرنامە و ئەپلیکەیشنە ئەلیکترۆنیکییەکانەوە.
مەجید ڕەحمەتی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی ئیسلامیی کار لە تاران، ڕایگەیاند کە سەبەتەی بژێویی بنەماڵەیەکی کرێکار گەیشتووەتە ٧٠ میلیۆن تمەن، لەکاتێکدا مووچەی بنەڕەتی تەنیا ١٦.٦ میلیۆن تمەن دیاری کراوە.
ئەم جیاوازییە گەورەیە وای کردووە کە مووچەی کرێکاران تەنانەت تا نێوەڕاستی مانگیش بڕ نەکات و خەڵک پێشوەختە داهاتی مانگەکانی داهاتوویان بۆ خەرجییەکانی ئەمڕۆیان بەکار بێنن.
شارەزایان هۆشداری دەدەن کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و گەیشتنی ڕێژەی هەڵاوسان بۆ سەرووی ٨٥٪، ژیان لەسەر قەرز بووەتە دیاردەیەکی ڕۆژانە.
ئەم دۆخە نەبوونی ئەمنییەتی ئابووریی زەق کردووەتەوە؛ چونکە لە حاڵەتی لەدەستدانی کاردا، کرێکاران ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قەرزی کەڵەکەبوو دەبنەوە.
هەروەها جەخت دەکرێتەوە کە کەمتەرخەمی بەرپرسانی ڕێژیم لە بەرانبەر ئەم گوشارە بێوێنەیە، دەتوانێت ببێتە هەوێنی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی نوێ ئێراندا.