کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی دووبارەی قەرارگای خاتەمولئەنبیا لە وڵاتانی ناوچەکە

14:07 - 10 گەلاوێژ 2726

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشە و گوشارە سەربازییەکانی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە توندتر کردەوە و هۆشداریی دا کە هەر دەوڵەتێک خاک یان ژێرخانەکانی بخاتە خزمەت هێزەکانی ئەمریکا، ڕاستەوخۆ دەبێتە ئامانجی هێرشە سەربازییەکانیان.

پاسداری تێرۆریست، غوڵامعەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، داوای لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد پێداچوونەوە بە هاوکارییە سەربازییەکانیان لەگەڵ واشنگتۆن بکەن.

عەبدوڵڵاهی بە زمانێکی هەڕەشەئامێزەوە هۆشداری دا کە ئەو وڵاتانەی دەبنە سپەری بەرگری بۆ واشنگتۆن، لە ئاگری شەڕدا دەسووتێن.

ئەم لێدوانانە نیشاندەری سیاسەتی گوشاری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر دەوڵەتانی ناوچەکەیە تا ڕێگری لە پاراستنی ئەمنییەتی نەتەوەییان بکات.

ئەم هەڕەشانە لەکاتێکدان کە کۆماری ئیسلامی، هاوشانی هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر وڵاتانی ناوچە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، هەڕەشەی داخرانی بەردەوامی گەرووی هۆرمۆز و شێواندنی ئەمنییەتی دەریاوانیی نێودەوڵەتی دەکات.

ئەم جۆرە پەیامە هەڕەشەئامێزانە سەلمێنەری ئەوەن کە کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی خۆیدا ئامادەیە ئەمنییەت و ئابووریی تەواوی ناوچەکە بکاتە قوربانی.