بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، ڕەحیم حەسەنپوور خەڵکی سەردەشت لەلایەن هێزی سەرکوتکەری ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و ڕەحیم شیلانی و ئازاد ڕەسووڵیفەرد خەڵکی بۆکان سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، ڕەحیم شیلانی و ئازاد ڕەسووڵیفەرد، دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی بۆکان کە پێشتر نزیکەی ۳ مانگ دەسبەسەر کرابوون، هەر کامەیان سزای دوو ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕاپۆرتە، ڕەحیم شیلانی تەمەن ۴۹ ساڵ و ئازاد ڕەسووڵیفەرد تەمەن ۴۵ ساڵ، لەلایەن لقی دووەمی بەناو دادگای تاوانەکانی بۆکانەوە بە تۆمەتی «کڕین و فرۆشتنی کەلوپەلی ستارلینک» ئەو سزایەیان بەسەردا سەپاوە.
ئەم دوو هاووڵاتییە ڕۆژی هەینی ۱۰ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ پیشاندانی بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کران و دوای تێپەڕاندنی ٥٢ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی جەستەیی لە گرتنگەی ئەمنیدا، لە ڕێکەوتی ۳ی خاکەلێوەدا بۆ بەندیخانەی بۆکان گواسترانەوە.
هەروەها، ڕەحیم حەسەنپوور، هاووڵاتیی کورد و و خەڵکی شارۆچکەی نەڵاس سەر بە شاری سەردەشت، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
هەنگاو ڕوونی کردەوە کە ڕۆژی دووشەممە ۱۹ی گەلاوێژ، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ڕێژیم بە هەڵکوتانە سەر شوێنی کاری ئەو هاونیشتمانییە لە کێڵگەیەکی کشتوکاڵی لە نزیک ئاوایی «بناوێ»، بەبێ پێشاندانی بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکران، تۆمەتە پاڵدراوەکان و چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.