کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: گەرووی هۆرمۆز بەتەواوی لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزی دەریایی ئەمریکادایە

08:50 - 20 گەلاوێژ 2726

لە گۆڕانکارییەکی سەربازیی گرنگدا، دوناڵد ترامپ سەرۆککۆماریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هێزەکانی وڵاتەکەی گەرووی هۆرمۆزیان بەتەواوی لە مین پاک کردووەتەوە و ئەم ڕێڕەوە ئاوییە ستراتێژییە لە ئێستادا کراوەیە.

ترامپ جەختی کردەوە کە هێزی دەریایی ئەمریکا ۱۰۰ لەسەدی ئەو گەروویەی لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و تەنیا واشنگتۆن بڕیار دەدات کە چ کەشتییەک مافی هاتوچۆی لەم ئاوڕێگەیەدا هەیە.

ئەم پێشهاتە دوای ئەوە بوو کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای دەستپێکردنی شەڕی ٤٠ ڕۆژە، گەرووی هۆرمۆزی بەستبوو و مینی دەریایی لە بەشێکیدا چاندبوو.

ئەگەرچی بەپێی تێگەیشتنامەی ئیسلام‌ئاباد بڕیار بوو تاران خۆی مینەکان هەڵبگرێتەوە، بەڵام دوای بەئامانجگرتنی چەند نەوتهەڵگرێک لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە و بەدوایدا هێرشی دوو حەفتەییی ئەمریکا بۆ سەر ناوەندەکانی کۆماری ئیسلامی، تێگەیشتنامەکە هەڵوەشایەوە.

ئەم لێدوانانەی ترامپ ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەهێز بەسەر تاراندا و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی ئێران بەسەر ئەم ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەدا.